تەکنەلۆژیا

دەستکێشێک زمانی ئاماژە دەگۆڕێت بۆ وشە


زاناکان هەستاون بە دروستکردنی دەستکێشێکی نەرم کە زمانی ئاماژە دەگۆڕێت بۆ وشە و زمانی ئاسایی، و ئەم دا‌هێنانەش بە شێوەیەکی بەرچاو ژیانی ئەو کەسانە ئاسان دەکات کە توانایی قسەکردنیان نییە.
بە گوێرەی گۆڤاری "نەیچەر ئێلیکترۆنیک" ، ئەندازیارانی ئەلیکترۆنی لە زانکۆی کالیفۆرنیا هەستاون بە دانانی پارچەی هەستکەری ئەلیکترۆنی ناسک لە دەستکێشێکی نەرمدا کە شوێن جوڵەی پەنجەکان دەکەوێت و سیستمەکە دوو پارچەی دیکە لەخۆدەگرێت کە لەسەر ڕووخسار جێگیر دەکرێن بە شێوەیەک یەکێکیان لە نێوان برۆکان و ئەوی تر لە لایەکی دەم، بەهۆی ئەوەی شێوەی جوڵەکانی ڕووخساریش بەشێکن لە زمانی ئاماژە.
سیستمەکە بە جۆرێک کار دەکات کە جوڵەی دەستەکانی کەسی ئاماژەکەر دەگوازرێتەوە بۆ ئەو پارچە هەستکەرە ئەلیکترۆنیەی کە درێژیەکەی ٢.٥ سانتیمەترە و لە هەر یەکێک لە دوو دەستکێشەکەی دەستدا جێگیر کراون، ئەویش لەلایەن خۆیەوە ئاماژەکان بە شێوەیەکی لاسیکی دەگوازێتەوە بۆ مۆبایلێکی زیرەک کە پڕۆگرامی هۆشمەندی دەستکردی تێدایە و لە ئەنجامدا ئاماژەکان دەگۆڕدرێن بۆ وشەی بیستراو.
جێی ئاماژەیە، داهێنەران ٦٦٠ ئاماژەیان لە تاقیکردنەوەی ئامێرەکەدا لەسەر ٤ کەس کە توانای قسەکردنیان نەبوو، بەکارهێناوە. ئاماژەکان ئەلف و بێی لاتینی و ژمارەکان لە ١ تا ٩ و وشە و دەربڕینی تەواوی لە خۆدەگرت و لە ئەنجامدا ئامێرەکە سەرکەوتووانە و بە ڕێژەی ٩٩٪ ئاماژەکانی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی ئینگلیزی شێوەزاری ئەمریکی.
لە کۆتایدا زاناکان ڕایانگەیاندووە کە ٦٦٠ ئاماژە تەنها سەرەتای ڕێگەکەیە چونکە ئەم نموونە زانستییە وشەگەلێکی زۆرتری بۆ زیاد دەکرێت، هەروەها تێچووی بەرهەمهێنانی ئامێرەکە و نرخی ماددە بەرهەمهێنەرەکانی دەستکێشەکان و هەستکەرە ئەلیکترۆنیەکان زۆر نیە.