تەکنەلۆژیا

تێلیسکۆبی هابڵ یەكێک لە جوانترین وێنەکانی مێژووی گرت

تێلیسکۆبی هابڵ لەوکاتەوەی ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کراوە چەندین وێنەی دڵڕفێنی بۆ زەوی ناردووەتەوە و بەم دواییەش وێنەی گەلە ئەستێرەیەکی چرکاندووە کە دەزگای "ناسا"ی تایبەت بە گەردوون و بۆشایی ئاسمان بە تابلۆیەکی هونەری سەرنجڕاکێش وەسفیکردووە

لەو بارەیەوە ماڵپەڕی "بۆی جینیەس ڕیپۆرت" بۆ زانست و تەکنۆلۆژیا ڕایگەیاندووە: "تەلیسکۆبی هابڵ وێنەیەکی نایابی گەلە ئەستێرەی "NGC 2275" چرکاندووە کە ژمارەیەک ئەستێرەی تازە گەشەکردوو لە خولگەکەیدان"
 
ئەستێرەکان لە قۆناغی سەرەتایی گەشەدان و ناسراون بە
"Young Stellar" کە بە واتای ئەستێرەی گەنج یاخود لاو دێت و ماڵپەڕەکە وێنەکەی بە یەكێک لە جوانترین وێنەکانی مێژوو هەژمارکردووە
 
ئاماژەی بەوەش داوە کە کونێکی زەبەلاح دەکەوێتە ناوەندی گەلە ئەستێرەکەوە کە هەموو شتێک تێیدا ئارامە وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی لە دەوروبەری گەلە ئەستێرەکە چەندین پێکدادان و کارلێک ڕوودەدات بەهۆی بوونی ژمارەیەکی ناکۆتا لە ئەستێرەی لاو کە ڕەنگیان شینە لە پاڵ گاز و گەرد و خۆڵ

لە کۆتایدا، ئاژانسی ئاسمانی ئەمریکی "ناسا" ڕایگەیاندووە کە گەلە ئەستێرەی "NGC 2275" دەکەوێتە دووری ٦٧ ملیۆن ساڵی ڕووناکی لە زەوییەوە