تەکنەلۆژیا

دووبارە پڕۆژەی ڕەوانەکردنی مانگی دەستکرد بۆ مەریخ دواخرا

لە هەواڵێکی ئاژانسی "ئەسۆشییەتد پرێس"دا هاتووە، کە دووبارە پڕۆژەی ڕەوانەکردنی مانگی دەستکردی وڵاتی ئیماڕات بۆ هەسارەی مەریخ دواخرا بەهۆی نەگونجان و خراپی دۆخی کەشوهەواوە.

مانگە دەستکردەکەی ئیماڕات ناوی "أمل"ە کە بە واتای هیوا دێت و یەکەمین پڕۆژەی جیهانی عەرەبییە لە بواری بۆشایی ئاسماندا.

بە گوێرەی هەواڵەکە، پڕۆژەکە سەرەتا بڕیاربوو ڕۆژی چوارشەممە لە وێستگەی "تانیگاشیما"ی ئاسمانی لە باشوری وڵاتی ژاپۆن بەڕێوەبچێت و مانگە دەستکردەکە ڕەوانەی بەرگەهەوای زەوی بکرێت بەڵام دواخرا بۆ ڕۆژی هەینی.

لە ئێستاشدا کۆمپانیای "میتسوبیشی" تایبەت بە پیشەسازی ئامێرە گەورەکان و دابینکەری ڕۆکێتی جۆری "H-IIA"یە ڕایگەیاندووە کە پڕۆژەکە دووبارە دواخراوە بۆ کاتێکی نادیار، بەڵام بە شێوەیەکی ئاسایی دوو ڕۆژ بەر لە بەرواری خۆی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە ڕادەگەیەنن.

لە کۆتایشدا، تیمی وڵاتی ئیماڕاتی تایبەت بە پڕۆژەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئاماژەی بەوە داوە کە هەڵدانی مانگە دەستکردەکە لە مانگی تەمووزدا بەڕێوەدەچێت