تەکنەلۆژیا

کۆمپانیای چیتا مۆبایل کار بۆ هەمەجۆری بەکارهێنانەکانی ڕۆبۆت دەکات

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی "China Daily" ، کۆمپانیای "چیتا مۆبایل" هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە بۆ زیادکردن و فرەچەشنکردنی بەکارهێنانەکانی ڕۆبۆت و لە ئێستاشدا زیاتر لە ١٠ هەزار ڕۆبۆتی خستووەتە بەردەستی بەکارهێنەران کە لە بوارە جیاوازەکانی ژیانی ڕۆژانەدا هاوکاری مرۆڤن.

لەو بارەیەوە کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە کە ڕۆبۆتەکانیان لە زۆربەی بازاڕە گەورەکان و پێشانگاکان و ناوەندەکانی گۆرانی وتنی ناسراو بە "کاریۆکی" و کتێبخانەکان و ئۆفیسەکانی کار و سەنتەرە پزیشکییەکان و هۆتێل و میوانخانەکان و فەرمانگەکانی حکومەت و چەندین شوێنی تر بڵاوکردووەتەوە هەروەها بە باشترین شێوە خزمەت و هاوکاری سەردانیکەران دەکەن.

لە لایەکی تریشەوە "فو شێنگ" سەرۆکی کۆمپانیای "چیتا مۆبایل" ئاماژەی بەوە داوە کە هۆشمەندییە دەستکردەکەی ڕۆبۆتەکان لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە و دەتوانرێت لە زۆر بواردا سوودیان لێ ببینرێت بۆ نموونە بواری پزیشکی کە دەتوانن هاوکارێکی گرنگ بن لە کەمکردنەوەی ئەرکەکانی سەرشانی کارمەندانی تەندروستی، بە شێوەیەک کە ڕۆبۆتەکان دەتوانن ئامۆژگاری و ڕێنوێنی نەخۆش بکەن و دەرمان و کەرەستەکان بگەیەنن لە پاڵیشیدا پلەی گەرمی نەخۆش بپێون. بەم جۆرەش پڕۆسەی چارەسەکردن خیرا و کاریگەرتر دەبێت و ئەگەری گواستنەوەی نەخۆشییەکانیش لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە.

جێی ئاماژەیە، لە ئێستادا ڕۆبۆتەکانی کۆمپانیای "چیتا مۆبایل" لەلایەن زیاتر لە ١٦٠٠ بریکاری جیاوازەوە داواکاری لەسەرە و بۆ زیاتر لە ٢٠ بواری جیاواز سوودیان لێ دەبینرێت