تەندروستی

سەلامەتترین کات بۆ نزیک بوون لەو کەسانەی لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە

لە دوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا چەندین پرسی گرنگ  دەربارەی نەخۆشییەکە لە بابەتەکانی توشبوون و چاکبوونەوە و خۆپارێزییەوە وروژێنراوە، لە ئێستادا بابەتی گرنگ لەنێو خەڵکیدا کە بووەتە جێی پرسیار ئەوەیە چ کاتێک سەلامەتە بۆ ئەوەی تێکەڵی ئەو کەسانە ببینەوە کە لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە؟

ماڵپەڕی "Healthline" لە بابەتێکدا بە چەند دێڕێک وەڵامی ئەم پرسیارەی خستووەتە ڕوو، بە وردی باسی لە چۆنێتی مامەڵەکردن کردووە لە کاتێک دا کەسێک لە کۆرۆنا چاکدەبێتەوە

هەرچەندە وەک هەر نەخۆشییەکی گوازراوەی تر کاتی چاکبوونەوەی توشبوویەکی کۆرۆنا لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت بەڵام پسپۆڕان پێشنیاری ئەوە دەکەن چاکبووەوەکان پابەندی ئەو کاتەبن کە سەنتەری کۆنترۆڵکردن و ڕێگریکردن لە نەخۆشییە گوازراوەکان دیاریان کردووە

سەنتەری کۆنترۆڵکردن و ڕێگریکردن لە نەخۆشییە گوازراوەکان ڕایگەیاندووە کە سەلامەتترین کات بۆ ئەوەی چاکبوەوەیەکی کۆرۆنا تێکەڵی خەڵک ببێتەوە بەندە بە چەند هۆکارێکەوە

ئەو کەسانەی کە توشی کۆرۆنا بوون و نیشانەکانیان تێدا دەرکەوتووە پێویستە لانی کەم تا 10 ڕۆژ تێکەڵی خەڵک نەبن لە یەکەم ڕۆژی دەرکەوتنی نیشانەکانەوە و ئەگەر بۆ ماوەی 24 سەعات بەبێ وەرگرتنی هیچ دەرمانێک هیچ نیشانەیەکیان تێدا نەمابێت دوای ئەو 10 ڕۆژە

بۆ ئەو کەسانەی کە توشی ڤایرۆسەکە بوون و هیچ نیشانەیەکیان تێدا دەرنەکەوتووە  دەتوانن ڕاستەوخۆ دوای 10 ڕۆژ لەو ڕۆژەوە کە پشکنینەکەیان پۆزەتیڤ بووە تێکەڵی خەڵک ببن

بۆ ئەو کەسانەی کە سیستمی بەرگریان لاوازە پێویستە ڕێنمایی لە دکتۆرەکانیان وەربگرن لە بارەی ئەوەی کە دوای 10 ڕۆژەکە پێویستە خۆیان لە خەڵک جیابکەنەوە یان دەتوانن تێکەڵی خەڵک ببنەوە، ئەم کەسانە پێویستە دوای دوو جار لە دەرچوونی ئەنجامی پشکنینەکانیان بە نێگەتیڤ و دوای 24 سەعاتی تر ئنجا تێکەڵی خەڵک ببن