تەکنەلۆژیا

ناسا باڵۆنێک ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان دەکات

بە پێی هەواڵیکی ئاژانسی "CNN"، ناوەندی فڕۆکەوانی و توێژینەوەکانی بۆشایی ئاسمان "ناسا"ی تایبەت بە ئەمریکا لە هەوڵی ناردنی باڵۆنێکدایە بۆ چینی "ستراتۆسفێر" کە بەشی سەرەوەی بەرگەهەوای زەویە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی دروستبوونی ئەستێرە و هەسارەکان.

قەبارەی باڵۆنەکە هێندەی یاریگایەکی تۆپی پێ دەبێت و بڕیارە لە کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ لە بەستەڵەکی باشور "ئەنتارکتیکا"وە ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان بکرێت وەک بەشێک لە پڕۆژەی "ئەسرۆس"ی تایبەت بە ئاژانسی بۆشایی ئاسمان.

جێی ئاماژەیە، ئەو ئامێرانەی بە بەشی ژێرەوەی باڵۆنەکەوە هەڵدەواسرێن کە لە ناویاندا تەلیسکۆبێکی خوێنەری تیشکی خوار سوور هەیە،  ورد دەبنەوە و سەرنج دەخەنە سەر چۆنیەتی پێکهاتنی ئەستێرەکان لە خولگەی کاکێشان و گەلە ئەستێرەکانی دیکەی هاوشێوەی کۆمەڵەی خۆر.