مایكرۆسۆفت دەست بەسەر تیک تۆك دا دەگرێت
كۆمپانیای مایكرۆسۆفت سەرقاڵی دانووستانە لەگەڵ كۆمپانیای (بایت دانس)ی چینی بە مەبەستی دەست بەسەراگرتنی تیك تۆك، سەرۆکی ئەمریکاش هەڕەشەی بەكارهێنانی هێزی ئابوری بۆ قەدەغەكردنی تیك تۆك لە وڵاتەكەیدا دەکات .
لە هەواڵێکدا ڕۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمریكی ئاشكرای كردووە، گۆڕینی خاوەنداریەتی لە جێگیركردنی ئەپی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكە كارێكی زۆر گرنگە. بەو پێیەی ئەمریكا بە فراوانترین بازارەكانی تیك تۆك ئەژمار دەكرێت. بە پێی زانیارییەكان، ئیدارەی ئەمریكا گوشاری زۆری دروست كردووە، بۆ ئەوەی خاوەنداریەتی كردنی تیك تۆك لەلایەن چینەوە كۆتایی پێ بێنێت.
ڕۆژنامەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە، كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پلانی داڕشتووە بۆ ڕایگەیاندنی بڕیاری سازشكردنی چین لە تیك تۆك و كۆنترۆڵكردنی تۆڕەكە لە لایەن وڵاتەكەیەوە.
لە لایەكی ترەوە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ئاشكرای كرد، ترەمپ لە لێدوانێكیدا ئاشكرای كردووە، كە بە نیازە بریارێكی سەرۆکایەتی ئیمزا بكات بۆ قەدەغەكردنی بەكارهێنانی تیك تۆك لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا. هاوكات ئاژانسی بلومبێرگیش ئەوەی ئاشكرا كردووە، كە تڕەمپ ڕەتیكردووەتەوە، كۆمپانیای مایكرۆسۆفت ڕێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیای بایت دانسی چینیدا بكات.
بە پێی زانیارییەكان، بەهای بایت دانس نزیكەی ١٠٠ ملیار دۆلارە، كۆمپانیای بایت دانس لە ساڵی ٢٠١٧دا پڕۆگرامی "musical.ly"ی كڕییەوە و لەگەڵ تیك تۆك تێكەڵی كرد و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی كە تیك تۆك وەك تۆڕێكی كۆمەڵایەتی زۆر بە خێرایی لە ئەمریكادا گەشە بكات.
لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی بەكارهێنەرانی، لێپرسراوانی ئەمریكا نیگەرانن لە بەرامبەر بەوەی كە چین تیك تۆك بەكاربێنێت بۆ كۆكردنەوەی داتا لە سەر هاوڵاتیانی ئەمریكا. ئەوەش وای كرد كە لیژینەی وەبەرهێنانی بیانی ئەمریكی بیر لەوە بكەنەوە، كە خاوەنداریەتی كۆمپانیاكانی دەرەوەی وڵاتەكەیان بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن. بەڵام تا ئێستا دیار نییە چین بە داواكارییەكەی ئەمریكا ڕازی دەبێت یاخود نا.
|