تەکنەلۆژیا

تویتەر بە بڕی ٢٥٠ ملیۆن دۆلار سزای دارایی دەدرێت

کۆمپانیای تویتەری ئەمریکی بەهۆی ناردنی ڕیکلامە بازرگانییەکان بۆ ژمارە و ئیمەیڵی بەشداربوانی ڕووبەڕوی سزای دارایی دەبێتەوە .

بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی
"CNN"، کۆمپانیای تویتەری ئەمریکی پێدەچێت بە بڕی ٢٥٠ ملیۆن دۆلار ڕووبەڕووی سزای دارایی ببێتەوە بەهۆی سود وەرگرتن لە زانیاریی ئەژمار و بەکارهێنانی ژمارە تەلەفۆنی بەشداربووان لە ناردنی ڕیکلامە بازرگانییەکان بۆ بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە.

کۆمپانیای تویتەر لە ڕاپۆرتی هەفتانەی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە لەلایەن لیژنەی بازرگانی فیدڕاڵی ئەمریکا ناسراو بە "FTC"ەوە لە ٢٨ی تەمووزدا داوای یاساییان لەسەر تۆمار کراوە بەهۆی سود وەرگرتن و بەکارهێنانی زانیاریی و داتای ئەژماری بەشداربووان لە ماوەی نێوان ساڵانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٩ کە بەکارهێنەرانی تۆڕەکە بە مەبەستی پاراستنی ئەژمارەکانیان و دوور بوون لە ڕیكلامی سەر تۆڕەکە زانیارییەکانیان خستبووە بەر دەست.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەشخراوەتە ڕوو سزا داراییەکەی کە پێدەچێت لیژنەی بازرگانی فیدڕاڵی ئەمریکا "FTC" بەسەر تویتەردا بیسەپێنێت لە نێوان ١٥٠ بۆ ٢٥٠ ملیۆن دۆلار زیان بە کۆمپانیاکە دەگەیەنێت. پێشتریش کۆمپانیاکە لە تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو کە بە هەڵە و بێ مەبەست ڕیکلامە بازرگانییەکانیان بۆ ژمارە و ئیمەیڵی بەشداربووان ناردووە.

لە بەرامبەریشدا لیژنەی بازرگانی فیدڕاڵی ئەمریکا هەموو ئەو وتانەی کۆمپانیاکە ڕەتدەکاتەوە و لە ماوەی ڕابردووشدا سزای دارایی ٥ ملیار دۆلاری بەسەر کۆمپانیای "فەیسبوک"دا سەپاند، کە گەورەترین بڕە پارەی پێبژاردن بووە لە مێژووی لیژنەکەدا، بەهۆی خراپ بەکارهێنانی زانیارییەکانی بەشداربووان لەلایەن بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکەوە.

جێی ئاماژەیە، تۆمارکردنی ئەو داوا یاساییە دژی "تویتەر" لە دوای چەند ڕۆژێک دێت لە بڵاوکردنەوەی نوێترین ڕاپۆرتی قانزاجی کۆمپانیاکە کە بڕی داهاتەکەی لە چارەکی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠دا ٦٨٣ ملیۆن دۆلار بووە هەروەها لە پاش چەند هەفتەیەک دێت لە هاککردنی ئەژماری چەندین کەسایەتی دیار و پلە باڵای وەک ( جۆ بایدن و باراک ئۆباما و بێڵ گەیتس و جێف بیزۆس).