ڕوسیا یەکەمین ڤاکسینی دژبە کۆرۆنای تۆمارکرد
وڵاتی ڕوسیا یەکەمین ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنای تۆمارکردوو وابڕیارە لە ساڵی داهاتودا بۆ هاوڵاتیانی وڵاتەکە بەردەستبێت .
بە پێی هەواڵێکی ماڵپەڕی " سپۆتنیك"ی ڕوسی وەزارەتی تەندروستی ڕوسیا ڕەزامەندی لەسەر ئەو ڤاکسینەی لەلایەن سەنتەری "نیکۆلای گامالیا" بەرهەمێهندراوە دەربڕیووە .
ئەمڕۆ سێ شەممە فلادیمێر پۆتین سەرۆکی ڕوسیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند ڕوسیا یەکەمین ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنای تۆمارکردووە .
ئاماژەشی بەوەکردووە ڤاکسینەکە لەسەر کچەکەی تاقیکراوەتەوە ، ئەوکارەش بۆ سەلماندنی سەرکەوتنی ڤاکسینەکە ئەنجامدراوە .
ماڵپەڕە ڕوسییەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە لەسەرەتای ساڵی داهاتودا ڤاکسینەکە بۆ هاوڵاتیانی وڵاتەکە بەردەستدەبێت و ٢٠ وڵاتیش داواکاریان بۆ کڕینی ڤاکسینەکە پێشکەشی ڕوسیا کردووە .
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی "ڕۆیتەرز" ڤاکسینەکە لەلایەن کۆمپانیای " نیکۆلای گامالیا " بەرهەمهێنراوە و دوومانگ بەر لە ئێستا دەست بە تاقیکردنەوەی لەسەر مرۆڤ کراوە .
لەگەڵ بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕوسیا وەك وڵاتانی تر دەستی بە بەرهەمهێنانی ڤاکسینی دژبە ڤایرۆسی کۆرۆنا کردووە ئەم ڤاکسینەی سەنتەری گامالیا بەهاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری وڵاتەکە بەرهەمهێندراوە .
|