تەندروستی

چادرە پلاستیکییەکانی بەردەم ڕێستۆرانتەکان سەلامەت نین بۆ توشنەبوون بە کۆرۆنا

لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا خاوەن ڕێستۆرانت و کافتریاکان بیرۆکەی دانانی چادری پلاستیکی داخراویان بەکارهێنا وەک هەنگاوێک بۆ بەردەوامی لە کارکردن و لە هەمان کاتدا پاراستنی سەلامەتی سەردانکەرانیان لە توشبوون بە ڤایرۆسەکە

بەڵام لە ئێستادا دکتۆرەکان پێیان وایە کە ئەم چادرانە بەو شێوەیە سەلامەت نین و ڕێگری ناکەن لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە و توشبوونی هاوڵاتیان

ماڵپەڕی "فۆکس29" لە هەواڵێکدا ڕای گەیاندووە کە چادرە پلاستیکییەکانی بەردەم ڕێستۆرانتەکان بەو جۆرە سەلامەت نین بۆ پارێزگاری لە توشبوون بە کۆرۆنا وەک ئەوەی بیری لێ دەکرێتەوە

د. ڕۆبێرت گلاتەر لە نەخۆشخانەی "لێنێکس هیڵ"ی نیۆرک بۆ ماڵپەڕەکە ڕایگەیاندووە کە ئەو چادرانە سەلامەت نین و ئەو قاپ و کورسی و کەلوپەلانەی کە لەلایەن کەسێکەوە بەکار دەهێنرێت بۆ کەسی دوای خۆی کە دەچێتە نێو ئەو شوێنە داخراوەوە هۆکار دەبێت بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسەکە

ئاماژەشی بەوە کردووە کە نانخواردن و بەڕێکردنەی ژەمە خواردنەکان لە شوێنی کراوەدا کە ئاڵوگۆڕی هەوا زیاترە سەلامەتتر و تەندروستترە