تەندروستی

توێژینەوەیەک: هیچ شتێک هێندەی وەرزشکردن بەسوود نییە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشیەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن

لە توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی ئۆکسفۆرددا ئاشکراکراوە کە سوودی وەرزشکردن بۆ نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن لەوە زیاترە کە لە ڕابردوودا زانراوە

پێگەی "سی ئێن ئێن" ئەنجامی توێژینەوە نوێیەکەی بڵاوکردۆتەوە و دەرکەوتووە کە چالاکی فیزیکی و وەرزشکردنی ڕۆژانە بە تەواوی کاریگەری ئەرێنی لەسەر دڵ و بۆریەکانی خوێن دادەنێت و ئەگەری توشبوون بە جەڵتە و نەخۆشییەکانی تر کەم دەکاتەوە

بەشێوەیەکی گشتی 3،617 حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشییەکە هەبووە لەو کەسانەدا کە توێژینەوەکەیان لەسەر ئەنجامدراوە کە تەمەنیان لەنێوان 40 بۆ 69 ساڵیدایە و نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێنیان هەیە، ئەمە لەگەڵ ئەوەی حاڵەتەکانی توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن لەو کەسانەدا کەمتر بووە کە جوڵە و چالاکیان زیاترە

هەر لە توێژینەوەکەدا هاتووە کە ڕێژەی ئەو کەسانە ٪25 بووە و بە ڕێژەی ٪48 بۆ ٪57  ئەگەری توشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن کەم بۆتەوە

لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەرەنتینەوە خەڵکی لە وەرزشکردن دوورکەوتونەتەوە ئەمە لەگەڵ ئەوەی داخستنی دەوامی فەرمانگەکان و کارکردن بەشێوەی ئۆنلاین وایکردووە جوڵە و چالاکی کەمبێتەوە، هەر بۆیە توشبوون بە جەڵتەو نەخۆشییەکانی دڵ بەشێوەیەکی گشتی لە سەرانسەری جیهان زیادی کردووە