تەندروستی

سێ ڕێگا بۆ گەشەی قژی منداڵەکەت

منداڵانی تازە لە دایکبوو لە سەرەتادا قژێکی کەم و تەنکیان هەیە، بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ و لەگەڵ گەشەی تەواوی ئەندامەکانی جەستە تاڵە قژەکانیشیان گەشە دەکات

هەروەک چۆن خواردنی تەندروست یارمەتیدەرە بۆ گەشەیەکی باشی ئەندامەکانی جەستەی منداڵ دەکرێت لە ڕێی چەند هەنگاوێکەوە وا بکەین گەشەی قژی منداڵەکانمان خێراتر بکەین و تاڵە قژەکانی بەهێز بێت

پێگەی "هێڵس پڵەس" باس لە سێ هەنگاو دەکات کە دەکرێت دایکان پەیڕەوی بکەن بۆ ئەوەی منداڵەکانیان ببنە خاوەن قژێکی بەهێز و خێرابوونی گەشەی قژیان لەوانەش:

-بەکارهێنانی زەیتی گوێزی هیندی

زەیتی گوێزی هیندی دەوڵەمەندە بە ڤیتامین ئی کە سیفەتی دژەئۆکسیدی تێدایە، ئەمەش وای کردووە نەک تەنها بۆ پێست بەسوود بێت بەڵکو گەشەی تاڵە مووەکانیش خێرا دەکات ئەمەش بەهۆی خێراتر گەیاندنی خوێن بۆ دەمارەکانی سەر و تاڵە قژەکان بریقەدار دەکات و ڕێگری لە هەڵوەرینی قژ دەکات

-شتنی سەری منداڵەکەت

مەساجکردن و شتنی سەری منداڵەکەت یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەهێزبوونی گەشەی قژی، ئەمەش بەهۆی لابردنی توێژاڵە سپییەکەی سەری و کرانەوەی کونیلەکان

-دابینکردنی ژەمە خواردنی تەندروست

خواردنێکی تەندروست و هاوسەنگ یارمەتی گەشەی تاڵە قژەکان دەدات، هەر بۆیە گەر منداڵەکەت تەمەنی شەش مانگ زیاترە و خواردنە ڕەقەکان دەخوات ئەوا باشترە ئەو خواردنانەی بدەیتێ کە ڕێژەیەکی باش ماددەی خۆراکی ئاسن، ڤیتامین ئەی، ڤیتامین بی، ڤیتامین دی، زینک و پرۆتینیان تێدایە