لە ساڵی ٢٠٢٠ دا زۆرترین حاڵەتی توشبوون بە شێرپەنجەی مەمك لە نەخۆشخانەی هیوا تۆمارکراوە
لە ساڵی ٢٠٢٠ دا زیاتر لە ٢ هەزار حاڵەتی توشبوون بە شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا تۆمارکراوە زۆرترینیان لە جۆری شێرپەنجەی مەمك بووە .
بە پێی ئامارەکانی نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی کە دەست "سایتی کوردسات" کەوتووە، لە ساڵی ٢٠٢٠ دا ٢ هەزار و ٥٤٣ حاڵەتی توشبوون بە شێرپەنجە لەو نەخۆشخانەیەدا تۆمارکراوە، لەو ژمارەیەش ١٧٨ حاڵەتیان کەسانی خوار تەمەن ١٨ ساڵن، ڕیژەی توشبوونی ژنان بە شێرپەنجە ٥٠،٥٪ و پیاوان ٤٩،٥٪ بووە.
هەر بە پێی ئامارەکانی نەخۆشخانەکە لە ساڵی ٢٠٢٠ دا شێرپەنجەی مەمك لە ڕیزبەندی یەکەمی جۆرەکانی شێرپەنجە بووە و ٣٩٠ حاڵەتی توشبوون بەو جۆرە و ١٣٥ حاڵەتی توشبوونیش بە جۆری شێرپەنجەی لیمفەکان لە ڕیزبەندی دووەمدا تۆمارکراوە .
ئامارەکانی نەخۆشخانەکە ئەوەیانخستۆتەروو ڕێژەی ١٣٪ی ئەو توشبووانەی سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە نیشتەجێی پارێزگاکانی تری هەرێمی کوردستان و عێراقن .
نەخۆشخانەی هیوا لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠٠٧ دا بە مەبەستی چارەسەری نەخۆشییەکانی شێرپەنجە و خوێن لە شاری سلێمانی دروستکراوەو بە پێی ئامارەکانی نەخۆشخانەکە لە ساڵی ٢٠٢٠ دا ڕۆژانە ٧١١ نەخۆش و مانگانە ١٢٧٠١ نەخۆش بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە .
|