تەندروستی هەرێم لەبارەی هەڵکشانی ژمارەی توشبووان بە کۆرۆنا هۆشداری دەدەت و داوای خۆپارێزی دەکات .
ئەمڕۆ ٢٦ی ئازاری ٢٠٢١، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئامارەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان لە هەڵکشاندایە، بۆیە پێویستە هاوڵاتیان زیاتر پابەندی ڕێنماییە تەندروستیەکان بن و خۆیان بپارێزن .
لەبارەی وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆناوە ئاماژەی بەوەکرد، ئەمڕۆ کاروانێکیتری ڤاکسینی کۆرۆنا دەگاتە هەرێم و بەشێک لەو ڤاکسینە بۆ هێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە دابیندەکرێت .
لەبارەی مەترسییەکانی ڤاکسینەکەوە وەزیری تەندروستی وتی، تا ئێستا ئەو ڤاکسینەی بە بەشێک لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دراوە هیچ نیشانەیەکی نەرێنی لەسەر وەرگرەکە بەجێنەهێشتووە .
لە سەرەتای مانگی ئازاری ئەمساڵ بڕی ٥ هەزار دۆز لە ڤاکسینی سینۆفارمی چینی گەیشتە هەرێمی کوردستان و بەسەر کارمەندانی هێڵی پێشەوەی روبەروبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دا دابەشکرا .