تەندروستی

توێژینەوەیەک: کۆرۆنا دەبێتە هۆی توشبوون بە لەبیرچوونەوە

پێگەی "فۆکس 29" ئەنجامی توێژینەوەیەکی نوێی بڵاوکردۆتەوە کە تیایدا دەرکەوتووە کۆرۆنا دەبێتە هۆی توشبوون بە لەبیرچوونەوە هەر وەک بیرنەکەوتنەوەی ناوو قسەی کەسانی دەوروبەر و ئەم نیشانەیەش چەندین مانگ لەسەرت دەمێنێتەوە

توێژەران لە زانکۆی کالیفۆڕنیا، سان فرانسیسکۆ مانگی ڕابردوو دەرەنجامی توێژینەوەکانیان بڵاوکردۆتەوە کە لەسەر 100 نەخۆش ئەنجامیان داوە کە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە، 14 کەس لەم نەخۆشانە سەردانی نەخۆشخانەیان نەکردووە و بە ماوەی 98 ڕۆژ لە پەتاکە چاکبوونەتەوە

لەنێو ئەم نەخۆشانەدا توێژەران باس لە دوو نەخۆش دەکەن کە یەکێکیان تەمەنی 33 ساڵە و ڕایگەیاندووە دوای دەرکەوتنی توشبوونی بە کۆرۆنا هەستی بە لەدەستدانی تەرکیز و بیرهاتنەوەی شتەکان و لەبیرچوونەوەی زانیاری کردووە، دوای 149 ڕۆژ لە توشبوونی بە پەتاکە پشکنینەکان دەریخستووە کە تەندروستی بەرەو باشی چووە بەڵام هێشتا بیرهاتنەوەی ڕووداوەکان ئاسان نەبووە بۆی

لەلایەکیترەوە خانمێکی تەمەن 56 ساڵ توانای تەرکیزکردنی لەدەستداوە کاتێک توشی کۆرۆنا بووە، ڕایگەیاندووە دوای 72 ڕۆژ لە چاکبوونەوەی نیشانەکەی تێدا نەماوە

زانایان دەڵێن توێژینەوەی زیاتر پێویستە بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندییەکانی توشبوون بە پەتاکەو کاریگەرییەکانی لەسەر چالاکییەکانی مێشک، بەڵام دەڵێن توشبوون بە پەتاکە بە دڵنیاییەوە کاریگەری لەسەر تەواوی سیستمی دەمارەکانی جەستە دادەنێت