تەندروستی

کۆرۆنا لە هیندستان کارەساتی خوڵقاندووە

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز وێنە و ڤیدیۆی دوو نەخۆشی توشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنای بڵاوکردۆتەوە کە ئامێری هەناسەدان "وەرگرتنی ئۆکسجینیان" بۆ دانراوە و بەهۆی زۆری نەخۆش و پڕبوونی نەخۆشخانەکانەوە لەسەر یەک قەرەوێڵە پاڵکەوتوون

دیمەنەکە شاری نیو دێلهی پایتەختی هیندستانە، یەکێک لە نەخۆشخانە حکومییەکانی ئەو وڵاتەیە ڕێژەیەکی زۆر لە توشبووانی کۆرۆنای تێدایە، ئەمە لە کاتێکدا کە لەمساڵدا ڕۆژانە کەمتر لە 10 هەزار توشبووی نوێ تۆمار دەکرا، بەپێی داتا فەرمییەکان ڕۆژی پێنجشەممە تۆماری ڕۆژانەی توشبووانی ڤایرۆسەکە 200 هەزاری تێپەڕاندووە کە زۆرترین ژمارەیە لەسەر ئاستی جیهان

نەخۆشخانەیەکی 54 قەرەوێڵەیی لە ئێستادا 300 نەخۆشی کۆرۆنای تێدایە، ئەمەش فشارێکی زۆری لەسەر نەخۆشخانەکان دروستکردووە، هەر بۆیە بە ناچاری دوو نەخۆش لەسەر یەک قەرەوێڵە دانراوە

هەرچەندە لە ساڵی پاردا حکومەتی هیندستان بۆ ماوەی سێ مانگ قەدەغەی هاتووچۆی ڕاگەیاند بەڵام لە سەرەتای ئەمساڵدا ڕێوشوێنەکان ئاسانکاری تێدا کراو ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی توشبووان