هەمەڕەنگ

روخساری راستەقینەی تووت ئەنخ ئاموون

 

پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە 3000 ساڵ، زانایان بە بەکارهێنانی نوێترین تەکنەلۆجیا روخساری تووت ئەنخ ئاموون دروستدەکەنەوە.

بە ئامانجی دروستکردنەوە و کێشانی وێنەی راستەقینەی تووت ئەنخ ئاموون، تیمێک، کە پێکهاتبوون لە زانا و توێژەرانی سێ زانکۆی بەرازیل و ئوسترالیا و ئیتاڵیا، پرۆژەیەکی هاوبەشیان رێکخست و تیایدا توانییان بە بەکارهێنانی نوێترین تەکنەلۆجیا، کاسەی سەری فیرعەونە گەنجەکە بپێون.

لەبارەی روخساری تووت ئەنخ ئاموونەوە، سیسێرۆ مۆرایێس، شارەزا لە بواری گرافیک و بەشداربووی پرۆژەکە رایگەیاند: "بەلای منەوە لە گەنجێک دەچێت، کە روخسارێکی ناسک و جوانی هەبێت".

تووت ئەنخ ئاموون بۆ یەکەمین جار لە ساڵی 1922، لەلایەن هاوەرد کارتەری شوێنەوارناسی بەریتانییەوە لە دۆڵی پاشایان لە میسڕ دۆزرایەوە.

تووت ئەنخ ئاموون، سەر بە هەژدەیەمین خێزانی فیرعەونەکانی میسڕە، لە تەمەنی نۆ ساڵیدا چووە سەر تەختی فەرمانڕەوایی و بوو بە فیرعەونی میسڕ، لە ساڵی 1323ی پێش زایین بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی 19 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.