هەمەڕەنگ

چوار منداڵ دوای دیارنەمانیان بۆ ماوەی 40 رۆژ، بەزیندوویی دۆزرانەوە

چوار منداڵ دوای ئەوەی لە رووداوی کەوتنەوەخوارەوەی فڕۆکەدا دەربازیان دەبێت، بۆ ماوەی 40 رۆژ لە دارستانی ئەمەزۆن لە کۆڵۆمبیا دەمێننەوە خۆیان دەژێنن، ئەمڕۆش لەلایەن سوپای کۆڵۆمبیاوە دۆزرانەوە و رەوانەی نەخۆشخانە کران.

 

گوستاڤۆ پیترۆ سەرۆکی کۆڵۆمبیا لە تویتێکیدا رزگارکردنی چوار منداڵەکەی بە موعجیزەیەکی گەورە ناوبرد و رایگەیاند: "ئەمە مایەی خۆشییە بۆ هەموو وڵاتەکەمان".
لە رۆژی یەکی ئایاردا، لەو بەشەی دارستانی ئەمەزۆن، کە دەکەوێتە وڵاتی کۆڵۆمبیاوە، فڕۆکەیەک لە جۆری سیسنا 206 دەکەوێتە خوارەوە، لە ئەنجامدا دایکی چوار منداڵەکە لەگەڵ دوو فڕۆکەوانەکە گیانلەدەستدەدەن، بەڵام چوار منداڵەکە، کە خەڵکی رەسەنی ناوچەکەن و تەمەنیان 13، نۆ، چوار و یەک ساڵان بوو، دەربازیان دەبێت و بۆ ماوەی 40 رۆژ دەتوانن لە دارستانەکەدا خۆیان بەزیندوویی بهێڵنەوە، دەوترێت، منداڵە 13 ساڵانەکە، کە خوشکی گەورەیانە، رۆڵی دایکی بینیوە و هەمیشە بۆ زیندوومانەوە هانیداون.