هەمەڕەنگ

تاقیکردنەوەی"سونۆنگ" ژیان لە کۆریایی باشوور دەوەستێنێت

تاقیکردنەوەی"سونۆنگ" ژیان لە کۆریایی باشوور دەوەستێنێت

تاقیکردنەوەی " سونۆنگ"بە یەکێک لە قورسترین تاقیکردنەوەکانی جیهاندا دادەنرێت کە لە قۆناغی کۆتایی خوێندنی ئامادەییدا ئەنجام دەدرێت، ساڵانە هەزارەها خوێندکار بەشداری لەم تاقیکردنەوەیەدا دەکەن لە چەند بابەتێکی وەک زانست و بیرکاری و زمانە جیاوازەکان، لەگەڵ ئەوەشدا دەرنەچوون لە تاقیکردنەوەی مێژووی کۆریایی باشوور دەبێتە هۆی دەرنەچوون لە هەموو وانەکاندا.

دەرچوون لە تاقیکردنەوەی " سونۆنگ" تەنیا چوون بۆ زانکۆ نییە، بەڵکوو کاریگەری لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و وەرگرتنی لە هەلی کاردا هەیە.

 

 

هەموو ساڵێک نزیکەی 500 مامۆستای بە توانا لە سەرانسەری کۆریایی باشوور کۆ دەکرێنەوە بۆ ماوەی مانگێک لە شوێنێکی نهێنیدا دەمێننەوە، دەست بەسەر مۆبایلەکانیان دەگرن، لەو ماوەیەشدا بۆیان نییە کە پەیوەندی بە ئەندامانی خێزانەکانیشیانەوە بکەن.

بۆ ئاسانکاری هاتووچۆ لە ڕۆژی تاقیکردنەوەکەدا، تەواوی دووکان و بازاڕەکان دامەزراوەکان دادەخرێن، نیشتنەوە و گەشتی فڕۆکە لە فڕۆکەخانەکانی ناو شار قەدەغە دەکرێت، پێویستە شەمەندەفەر و پاس و میترۆ بە خێرای یەکی سنوورداردا بڕۆن، کارکردن لە بیناکاندا ڕادەگیرێت، ئەمەش بە ئامانجی کەمبوونەوەی ژاوەژاو، کەمبوونەوەی فشاری دەروونی لەسەر خوێندکاران.

 

 

حکومەتی وڵاتەکە چەندین پۆلیس و لە ڕۆژی تاقیکردنەوەدا دادەنێت بە مەبەستی ئاسانکاری هاتووچۆ بۆ خوێندکاران، ئەو خوێندکارانەش کە دوا دەکەون بۆ گەیشتن بە هۆڵی تاقیکردنەوە لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلی حکومەتەوە دەگەیەنرێنە هۆڵەکان ئەمەش بەمەبەستی کەمبوونەوەی فشار لەسەر خوێندکاران و خێزانەکانیان.

 

 

بەهۆی سەختی و فشاری دەروونی تاقیکردنەوەکەوە، خێزانی خوێندکارەکان سەردانی پەرستگاکان دەکەن و بە بەردەوام نوێژ و دوعا بۆ سەرکەوتنی منداڵەکانیان دەکەن، کێک و شیرینی دروست دەکەن و دەیبەخشنەوە بۆ هاندانیان، دوای مانگێکیش ئەنجامی تاقیکردنەوەکە لە ماڵپەڕی فەرمی پەروەردە ڕادەگەیەنرێت.