ئەمڕۆ ڕۆژنامەی نیو زیورخیشەر تزایتونگ، بە بۆنەی نزیکبوونەوەی لە تێپەڕاندنی چارەکە سەدەیەک لە سەدەی بیست و یەک، لیستی باشترین 100 سەد کتێبی سەدەی 21 ی لە بوارەکانی ئەدەبیات و مەعریفەدا بڵاوکردەوە، کە چەندین لیژنەی پسپۆڕ و ڕەخنەگری ناسراوی پڕ ئەزموون ئەم لیستەیان ئامادەکردووە.
لە نێوانیشیاندا «دواهەمین هەناری دونیا»ی کە لە نووسینی نووسەری کورد بەختیار عەلی_یە، لە ناو سەدان هەزار کتێب و دەیان هەزار نووسەری دونیادا، شوێنی خۆی لە ناو سەد باشترین کتێبی سەدەی بیست و یەکی دونیادا کردووەتەوە.
دواهەمین هەناری بۆ چەندین زمانی دیکە وەرگیراوە لە وانەش (ئەڵمانی، فارسی، عەرەبی، تورکی، ئیتاڵی، فەرەنسی، ئینگلیزی)، ئەم ڕۆمانە لە ساڵی 2002 بڵاوکراوەتەوە، هەروەها لە فێستیڤاڵی گەلاوێژدا خەڵاتی باشترین ڕۆمانی وەرگرتووە.
بەختیار عەلی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەبارەی شاکارەکەی خۆیەوە "دواهەمین هەناری دونیا" دەڵێت: " گەر بمرم و بهێڵن تەنیا یەک کتێبی خۆم ببەم بۆ ئەو دونیا، لەناو هەموویاندا رۆمانی دواهەمین هەناری دونیا دەبەم".