دەستنووس و نامەیەکی کافکا لە زیادکردنێکی ئاشکرادا فرۆشران

کوردساتکوردسات
21:00:00 2024/01/2321:00:00 2024/01/23

دەستنووس و نامەیەکی نووسەری ناسراوی چیکی، فرانز کافکا لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بە بەهای نزیکەی ٣٠٠ هەزار دۆلار فرۆشران.

دوای تێپەڕبوونی ١٠٠ ساڵ بەسەر مردنی فرانز کافکادا، خانەی کریستیان هێسە لە هامبۆرگ لە ئەڵمانیا رایگەیاند، دەستنووسی کورتە چیرۆکی "یەکەمین ئازار" و نامەیەکی سێ لاپەڕەیی کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٢٢ و بۆ هانز ماردرشتایگـی سەرنووسەری هاوبەشی گۆڤاری هونەریی "گینیس" نێردراوە، لە زیادکردنێکی ئاشکرادا فرۆشران.

ئاماژە بەوەش کراوە؛ دەستنووس و نامەکە بە ٢٨٦ هەزار یۆرۆ (٢٩٨ هەزار دۆلار) فرۆشراون و کەسێکی ئەڵمانی کڕیونی.

فرانز کافکا، چیرۆکنووس و رۆماننوسی چیکی، لە ساڵی ١٨٨٣ لە شاری پراگی چیکی ئێستا لەدایکبووە، بە زمانی ئەڵمانی نووسیویەتی و لە بەناوبانگترین کارەکانی رۆمانەکانی: مەسخ، دادگایی و کۆشک-ن، کافکا بە یەکێک لە کاریگەرترین نووسەرانی سەدەی بیستەم دادەنرێت، کە بەشێوەیەکی فراوان کاریگەرییان لەسەر ئەدەبیات هەبووە.

کافکا لە سێی حوزەیرانی ١٩٢٤ لە تەمەنی ٤٠ ساڵیدا بە نەخۆشیی سیل کۆچیدوایی کردووە. 

newspaper

بابەتی پەیوەندیدار