ئاینشتاین لە ڕێگەی تیۆریی ڕێژەیی (بە هەردوو بەشە تایبەت و گشتییەکەیەوە)، شۆڕشێکی گەورەی لە فیزیکدا بەرپا کرد. پێش ئەو، لەسەر بنەمای فیزیکی نیوتنی، زانایان پێیان وابوو کات و شوێن دوو ڕەهەندی جێگیر و نەگۆڕن. بەڵام ئاینشتاین سەلماندی کە "کات و شوێن" (Space-time) پێکەوە گرێدراون و ڕێژەیین؛ واتە بەپێی خێرایی و کێشکردن دەگۆڕێن.
لە تیۆرییە گشتییەکەیدا ڕوونی کردەوە کە هێزی کێشکردن (Gravity) هێزێکی ڕاکێشانی سادە نییە، بەڵکوو چەمانەوەی چنراوی کاتوشوێنە بەهۆی بوونی تەنە قورسەکانی وەک ئەستێرە و هەسارەکانەوە. ئەوە جگە لە هاوکێشە بەناوبانگەکەی (E=mc²) کە تێیدا سەلماندی وزە و بارستایی دوو دیوی یەک دراون و دەکرێت بۆ یەکتر ببنەوە.
لەگەڵ ئەم قووڵییە ئەکادیمی و ماتماتیکییەدا، مێتۆدی کارکردنی ئاینشتاین هەمیشە پشتی بە "تاقیکردنەوەی خەیاڵی" (Gedankenexperiment) دەبەست. بۆ ئەو، زانست تەنها ژمارە و تاقیگە نەبوو، بەڵکو توانای بینینی شتەکان بوو لە مێشکدا پێش سەلماندنیان بە هاوکێشە.
هەر بۆیە لە وتە بەناوبانگ و نەمرەکەیدا دەڵێت:
"خەیاڵ لە زانیاری گرنگترە، چونکە زانیاری سنووردارە بەوەی ئێستا دەیزانین و تێیدەگەین، بەڵام خەیاڵ هەموو گەردوون دەگرێتەوە و دەمانباتە ئەو شوێنانەی هێشتا نەماندۆزیونەتەوە."
ساڵیادی کۆچی دوایی ئەلبێرت ئاینشتاین

ئەمڕۆ (18ـی نیسان)، 71 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کۆچی دوایی گەورەترین عەقڵی فیزیکیی سەدەی بیستەم، ئەلبێرت ئاینشتاین (1879 - 1955). ئەو زانایەی کە تێگەیشتنی مرۆڤایەتی بۆ گەردوون و یاساکانی سروشت بەتەواوی گۆڕی.


