دوای ئەوەی زۆرێک لە میدیاکان هەواڵی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە ئەسما ئەسەد، هاوسەری بەشار ئەسەدی سەرۆکی رژێمی پێشووی سوریا داوای جیابوونەوەی کردووە، کۆشکی سەرۆکایەتیی کریملنی رووسیا لە بەیاننامەیەکدا لەوبارەیەوە روونکردنەوە دەدات.

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکانی جیابوونەوەی ئەسما ئەسەد و بەشار ئەسەد، کۆشکی کریملنی رووسیا رایگەیاند، ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە و ئەسما داوای جیابوونەوەی نەکردووە.

ئەسما ئەسەد لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا لەدایکبووە و دایک و باوکی بە رەچەڵەک سوریین، زانستی کۆمپیتەر و زمان و ئەدەبی فەڕەنسی لە زانکۆی کینگز لە لەندەن خوێندووە، لە ساڵی ٢٠٠٠ دەچێتە سوریا و هاوسەرگیری لەگەڵ بەشار ئەسەد دەکات.

دوای روخانی ڕژێمەکەی ئەسەد و هەڵاتنی خێزانەکەی بەرەو رووسیا، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ''دەیڤد لامی'' رایگەیاند، کە ئەسما ئەسەد لە بەریتانیا مافی مانەوەی نییە.

ئەم هەواڵانە دوابەدوای روخانی رژێمەکەی ئەسەد دێت لە ٨/١٢/٢٠٢٤ دوای ئەوەی کە دەرکەوت ئەسما ئەسەد توشبووی نەخۆشیی شێرپەنجەی خوێن بووە ، هەروەها دەوترا کە دایکی ئەسما، سەحەر عەتری داوای لە ئەسما کردووە بگەڕێتەوە بۆ بەریتانیا تا لەوێ بەردەوامی بە چارەسەری نەخۆشییەکەی بدات.