سیناتۆرێک بە شۆرتەوە لە مەراسیمی دەستبەکاربوونی ترەمپ ئامادەبوو

کوردساتکوردسات
21:00:00 2025/01/2021:00:00 2025/01/20

سیناتۆرێکی دیموکراتی پەنسلڤانیا بە شۆرت و پێڵاوی وەرزشییەوە لەمەراسیمی دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ ئامادەبوو و جلوبەرگەکانی بوونە جێی باسی میدیاکان.

جۆن فیتەرمان، سیناتۆری دیموکراتی پەنسلڤانیا بە شۆرت و پێڵاوی وەرزشی و چاکەتی کڵاودارەوە لە دووەمین مەراسیمی سوێندخواردنی دۆناڵد ترەمپ بۆ دەستبەکاربوونی لە پۆستی سەرۆکی ئەمریکا ئامادەبوو و دەرکەوتنەکەی لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بووە جێی باسوخواس.

ئاژانسی ئەسیۆشێتد پرێس لە راپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کەسانی نزیک لە فیتەرمان ئاشکرایان کردووە، سیناتۆرە ئەمریکییەکە ماوەیەک لەمەوبەر لە نەخۆشخانە چارەسەری خەمۆکی وەرگرتووە، هەر بۆیە پێویستی بەوەیە جلوبەرگێک بپۆشێت کە لە بەریدا ئاسوودە بێت.

سیناتۆرەکە لەبارەی جلوبەرگەکەیەوە، لە چاوپێکەوتنێکیدا بە کەناڵی "MSNBC" راگەیاند، " ئایا شتی گرنگتر نییە باسی لێوە بکەین، ئەوە نەبێت کە جلوبەرگەکەم بازاڕییە؟".

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا، هەندێک کەس وای دەبینن، پۆشینی ئەم جلوبەرگە پەیامێکی شاراوەی بۆ دۆناڵد ترەمپ و کۆمارییەکان تێدابێت، بەوەی رێوڕەسمەکە بەلای سیناتۆرە دیموکراتەکەوە هیچ گرنگییەکی ئەوتۆی نییە.

newspaper

بابەتی پەیوەندیدار