پ. د. دڵشاد زاموا، شوێنەوارناس و مامۆستا لە بەشی شوێنەواری زانکۆی سلێمانی لە کۆنفڕانسێکدا کە بە بۆنەی تۆمارکردنی ناوی زانکۆکە لە کتێبی گینسدا رێکخرابوو، ئەو دۆزینەوەیەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند: ئەم ئامرازە جۆرێکە لە تەور و لە بەردی تایبەتی نزیک لە کوارتز دروستکراوە و بەپێی شێوەی گرتنی بێت لەوە دەچێت ئەو مرۆڤەی ئەم بەردەی بەکارهێناوە چەپلەر بووبێت.
سەبارەت بە مێژووی ئەم تەورە بەردینە، د. دڵشاد زاموا رایگەیاند: ئەم ئامرازە بەردینە بۆ چاخی بەردینی کۆن دەگەڕێتەوە، بە پرس و راوێژ لەگەڵ پسپۆڕانی کورد، زۆرینەمان لەسەر ئەوە کۆکین کە تەورەکە بۆ چاخی بەردینی کۆنی ژێروو دەگەڕێتەوە، کە لە ناوچەی خۆماندا مەزەندە دەکرێت لە نێوان 800 بۆ 200 هەزار ساڵ لەمەوبەر بێت.
راشیگەیاند: ئەگەرێکیان داناوە کە ئامرازەکە بۆ سەرەتای چاخی بەردینی کۆنی ناوەڕاست بگەڕێتەوە، بەم پێیەش مێژووەکەی لە نێوان 200 تا 40 هەزار ساڵێک لەمەوبەر دەبێت، بەڵام قەبارەی ئامرازەکە و شێوازی دروستکردنی، زۆرینەمان بۆ ئەو ئەگەرە رادەکێشێت کە مێژووی ئەم تەورە لە نێوان کۆتایی چاخی بەردینی کۆنی ژێروو و سەرەتای چاخی بەردینی کۆنی ناوەڕاست بێت، بۆ ئەمەش دەروبەری سێسەد بۆ دووسەد هەزار ساڵێک لەمەوبەر مێژوویەکی گونجاوە بۆ تایبەتمەندیی ئەم تەورە بەردینە.
ئاماژەی بەوەش کرد، لەو بارەیەوە لە توێژینەوەکانیان بەردەوامن و لە داهاتوویەکی نزیکدا لە یەکێک لە گۆڤارە زانستییە جیهانییەکاندا ئەنجامەکانی توێژینەوە هاوبەشەکە بڵاو دەکەنەوە.
سەبارەت بە گرنگیی ئەم دۆزینەوەیە، د. دڵشاد زاموا رایگەیاند: ئەم ئامرازە بەردینە پێمان دەڵێت، مێژوویەکی دەگمەنی سەدان هەزارساڵەی مرۆڤایەتی چاوەڕێی هەڵدانەوە و نووسینەوەیە و ناوچەکانی کوردستان پێویستیان بە کنەوپشکنین و گەڕانی زیاترە.



