لە چەند رۆژی رابروودا، دیمەنی مەیموونێکی 7 مانگان بە ناوی "پەنچ" لە باخچەیەکی ئاژەڵانی ژاپۆن دڵی ملیۆنان کەسی لە جیهاندا هەژاند، کە دایکەکەی بەجێی هێشتبوو و ئامادە نەبوو بەخێوی بکات، ئەویش بۆنی دایکی کردبوو بە بوکەڵەیەک و لە بێکەسیدا ئامێزی بەو بوکەڵە پەڕۆیینەدا دەکرد.
ئەو بوکەڵەیەی بۆ پەنچ بووبوو بە دایک و پشت و پەنا، لەلایەن کۆمپانیای "ئایکیا"ـوە دروستکراوە و دوای بڵاوبوونەوەی وێنە و ڤیدیۆکان، خواست لەسەر بوکەڵەکە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد؛ خاڤیێر کوینۆنێس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئایکیا رایگەیاند: ئەو بوکەڵەیە لە ئێستادا یەکێکە لەو کاڵایانەی خواستێکی زۆری لەسەرە.
رۆژنامەی "زە سەن" بڵاوی کردووەتەوە، کڕیاران لە ئەمریکا، ژاپۆن و کۆریای باشوور بۆ کڕینی بوکەڵەکە بە لێشاو روویان لە فرۆشگاکان کردووە.
ئاماژە بەوەش کراوە، لە سەرەتادا نرخی ئەو بوکەڵەیە لە فرۆشگاکاندا بە 19.99 دۆلاری ئەمریکی بوو، بەڵام بەهۆی زۆریی خواست لەسەری، لە بازاڕی ئۆنڵایندا نرخەکەی بۆ 350 دۆلار بەرز بووەتەوە.
بوکەڵەکەی پەنچ بۆ کۆمپانیای ئایکیا بووە بە خێر و بەرەکەت

ئەو بوکەڵەیەی کە پەنچ کردبووی بە پشت و پەنای خۆی، لە ئێستادا بۆ کۆمپانیای ئایکیا بووە بە خێر و بەرەکەت و نرخەکەی چەندین قات بەرز بووەتەوە.


