نارین عەمارە بە نارین بیوتی ناسراوە خانمێکی تەمەن ٢٤ ساڵە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە و دانیشتووی وڵاتی سویدە، نارین یەکێکە لە یوتوبەرە ناودارەکان، لە چەناڵی یوتویوب خاوەنی ١٥ ملیۆن سەبسکرایبە، ڤیدیۆکانی باس لە ژیانی ڕۆژانەی و ئەزموون جیاوازەکانی دەکات، ڤیدیۆکانی ملیۆنان بینەریان هەیە.
دوێنێ لە ڕێوڕەسمێکدا کە لە ریازی پایتەختی سعوودیە بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندانی جیهان و بەناوبانگەکان بەڕێوەچوو، نارین وەک خانمێکی بەهرەمەندی نێو سۆشیاڵ میدیا، خەڵاتی جۆی پێ بەخشرا.
خەڵاتەکان لە چەند بوارێکی جیاوازدا بە کەسانی بەهرەمەند و داهێنەر دەبەخشرێن، لە وانە: تەلەڤزیۆن، فیلم، میوزیک، وەرزش و سۆشیاڵ میدیا.
نارین لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا رایگەیاند، "من هەرگیز ژیانم بەم شێوەیە نەبووە، من بێ ماڵ، بێ نان و ئاو بووم، ئێستاش لێرەم، بۆیە بە هەموو ئەو کەسانە دەڵێم کە خاوەن ئامانجن، بەردەوام بن و ئارام بگرن، هەمیشە پلانەکانی خودا لە پلانەکانی ئێمە باشتر و جوانترن".
نارین لە خێزانێکی کوردپەروەر لە دایکبووە، لە بەشێکی زۆر لە ئاهەنگەکاندا بە جلوبەرگی کوردییەوە لەگەڵ خێزانەکەیدا دەردەکەوێت و هەمیشە لە ڤیدیۆکانیشدا باس لەوە دەکات کە خۆی و ئەندامانی خێزانەکەی، بەردەوام بە زمانی کوردی قسە دەکەن.