ناوەندی ماملێ لە پێگەی رەسمی خۆی بڵاویکردەوە، " لە درێژەی چالاکیی ساڵانەی ناوەندی ماملێ بۆ دەستنیشانکردنی هونەرمەندی ساڵ، بڕیار درا کە خەڵاتی ساڵانەی ماملێ بۆ ساڵی 2025 پێشکەش بە هونەرمەند عەلی ئەکبەر مورادی بکرێ".
رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتی ماملێ ماوەی 16 ساڵە لەلایەن ناوەندی ماملێوە بەڕێوەدەبرێت و ساڵانە بە هونەرمەندێک، یاخود گرووپێکی میوزیک دەبەخشرێت، کە جێدەستی لە هونەر و میوزیکی کوردیدا دیار بێت.
لە ساڵانی رابردوودا لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستان ئەم خەڵاتە پێشکەش بە چەند هونەرمەند و گرووپێکی میوزیکی کوردی کراوە، لەوانە: شڤان پەروەر، مەزهەر خالقی، تیپی مۆسیقای سلێمانی، عەباس کەمەندی، دڵشاد سەعید، ناسڕ رەزازی، قالە مەڕە، ئەندێریاس ئیسرائیل خەمۆ و چەند هونەرمەندێکی تر.
جێی ئاماژەیە، عەلی ئەکبەر مورادی ساڵی رابردوو لە سلێمانی لە پای هەوڵ و خزمەتەکانی لە هونەر و میوزیکی کوردیدا، خەڵاتی زێڕینی بلەی پێبەخشرا.
عەلی ئەکبەر مورادی، لە ساڵی 1957 لە ناوچەی گۆرانی سەر بە کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، لە تەمەنی شەش ساڵییەوە بە هاندانی باوک و باپیری دەستی بە ژەندنی تەمبوور کردووە، مامۆستا بەتواناکانی وەک: سەید هاشم، عەلی میردەرویشی، سەید مەحمودی عەلەوی، سەیید وەلی حسەینی و سەید عەلی کەفاشیان رۆڵیان لە پێگەیاندن و فیرکردنیدا بینیوە.
مورادی بە پارێزەر و ئەمانەتداری مەقاماتی تەمبوور ناسراوە، جگە لەوەی دەیان کۆنسێرتی بە گرووپ لە وڵاتانی جیهاندا سازکردووە، بە شێوەی سەربەخۆش چەند بەرهەمێکی بڵاوکردووەتەوە و لە بواری فێرکردن و لێکۆڵینەوەشدا رۆڵی کاریگەری هەبووە و چەندین بەرهەمی بە زمانی ئینگلیزی لە دەرەوەی وڵات چاپکراون.
مورادی سەرجەم داهاتی ئەلبوومەکانی مەقاماتی تەمبوور و پاداشتی خانەنشینی خۆی کە لە وەزارەتی پەروەردە وەریگرت، لەگەڵ هەموو ئەوپارەیەی لە فرۆشی زەوییەکانی باوکی بۆی مایەوە، خستییە خزمەت دروستکردنی خانەی تەمبوور لەگوندی(بان زەلان).