هواوی بەیەکجاری ماڵئاوایی لە ئەندرۆید دەکات

00:00:00 2024/11/2700:00:00 2024/11/27
88

کۆمپانیای هواوی لە ساڵی داهاتووەوە سیستمێکی نوێ بۆ مۆبایلی زیرەک، تابلێت و کاتژمێرەکانی بەکاردەهێنێت و دووردەکەوێتەوە لە بەکارهێنانی "ئەندرۆید".

ریچارد یوو چێنگدۆنگ، بەڕێوەبەری گرووپی بازرگانیی بەکاربەرانی کۆمپانیای هواوی لە رێوڕەسمێکدا لە شاری شێنژنی چین زنجیرەی نەوەی نوێی مۆبایلە زیرەکەکانی هواوی "Mate 70" و "Mate70pro"ی راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، ئەم بەرهەمانە بەهێزترین و پێشکەوتووترین مۆبایلی زیرەکن و شۆڕشێکی گەورەن لە بواری تەکنەلۆجیادا.

یوو لە وتارەکەیدا رایگەیاند، هواوی لە بەرهەمە نوێیەکانیدا بەتەواوی پەیوەندیی خۆی لەگەڵ سیستمی کارپێکردنی ئەندرۆید دەبڕێت و سیستمی کارپێکردنی "HarmonyOS Next" بەکاردەهێنێت کە بەشێکی لەسەر بنەمای "HarmonyOS" سەرچاوەی گرتووە، بەڵام لە ٤٠٪ باشترە لە نەوەی "Mate60"ـی ساڵی رابردوو، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم سیستمە پێویستی بە دوو مانگ بۆ سێ مانگی دیکەیە بۆ باشترکردن و پەرەپێدانی.

کۆمپانیا چینییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لەئێستادا ١٥ هەزار ئەپلیکەیشنیان ئامادەکردووە بۆ وەشانی نوێی سیستمە نوێیەکەیان.

لەنێوان ساڵانی ٢٠١٧ بۆ ٢٠١٩، حکومەتی ئەمریکا قەدەغەی خستە سەر کۆمپانیای هواوی و رێگری لێکرد بەرهەم و پێکهاتەی دروستکراوی ئەمریکا لە مۆبایلە زیرەکەکانیدا بەکاربهێنێت، بەڵام گەورەترین گورز، سیستمی کارپێکردنی "ئەندرۆید" بوو کە بەر کۆمپانیا چینییەکە کەوت و رێگری لێکرا گەورەترین سیستمی کارپێکەری مۆبایل لە جیهاندا بەکاربهێنێت، بەڵام هواوی ساڵانێک بەبێ سیستمی کارپێکردنی مۆبایل بەردەوام بوو لە ململانێ.

newspaper

بابەتی پەیوەندیدار