ماڵپەڕی "سی ئێن ئێن"ـی ئەمریکی رایگەیاند، ئامێرەکە بە وزەی خۆر کار دەکات و هێندەی پەنجەرەیەک دەبێت و بە ماددەیەکی مژەر دروستکراوە کە پێی دەوترێت "هایدرۆجێڵ"، ئەو ماددەیەش لە کۆمەڵە شووشەیەکی چەماوەدایە و لەگەڵ خوێدا تێکەڵکراوە.
ئاماژە بەوە کراوە، ئەو ماددەیە راستەوخۆ لە هەوادا هەڵمی ئاو هەڵدەمژێت، پاشان ئاوەکە لەسەر شووشەکان چڕ دەبێتەوە و بە بۆرییەکدا دەچێتە خوارەوە.
پرۆفیسۆر شوانهێ ژاو، مامۆستای ئەندازیاری میکانیکی لە پەیمانگەی ماساچوسێتس دەڵێت: "ئەم ئامێرە ناتوانێت رێژەیەکی زۆری ئاو لە هەوای زۆر وشکدا بەرهەم بهێنێت؛ بە نزیکەی لە رۆژێکدا دوو لەسەر سێی پەرداخێک ئاوە، بەڵام ئامانجی کۆتایی ئێمە ئەوەیە، بتوانین بەم ئامێرە ئاوی خواردنەوە بۆ ماڵێک دابین بکەین، تەنانەت ئەگەر لە بیابانیشدا بێت."
ئەم داهێنانە لە کاتێکدایە، لەمڕۆدا بەشێکی جیهان بەدەست گۆڕانی کەشوهەوا و کەمیی ئاوەوە دەناڵێنێت، بەجۆرێک بەپێی ئامارەکان زیاتر لە دوو ملیار کەس لە جیهاندا دەستیان بە ئاوی خواردنەوە ناگات.