بەکارهێنەران گلەییان لە ئایفۆنە نوێیەکە هەیە

کوردساتکوردسات
08:15:00 2025/09/1608:15:00 2025/09/16

بەکارهێنەران گلەییان لە ئایفۆن 17 هەیە و دەڵێن زوو دەڕووشێت، بەڵام ئایا کۆمپانیا ئەمریکییەکە ئەو کێشەیە چارەسەر دەکات؟

سەرەڕای ئەوەی کۆمپانیای ئەپڵ ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئایفۆن 17 جگە لە چەندین تایبەتمەندیی پێشکەوتوو، کێشی سووکترە و زیاتر بەرگەی بەرکەوتن و رووشان دەگرێت، بەڵام بەپێچەوانەی بەڵێنەکانی کۆمپانیا ئەمریکییەکە، بەکارهێنەران گلەییان لە ئامێرە نوێیەکە هەیە و دەڵێن: "ئایفۆن 17 زۆر ناسکە و زوو دەڕووشێت، بەتایبەت لە لاتەنیشتەکانی مۆبایلەکە کە لە ئەلەمنیۆم دروستکراوە".

کۆمپانیای ئەپڵ پێشتر رایگەیاندبوو، شاشەی مۆبایلە نوێیەکە بەراورد بە وەشانەکانی پێشووی، سێ هێندە زیاتر بەرگەی شکان و رووشان دەگرێت.

پێگەی "9to5Mac" کە تایبەتە بە هەواڵی تەکنەلۆژی و زیاتر سەرنجی لەسەر بەرهەمەکانی ئەپڵە، لە بارەی ئەو کێشەیەوە رایگەیاند: شوختبوونی مۆبایلەکە پەیوەندیی بە ماددەی ئەلەمنیۆمەوە هەیە، چونکە ئەلەمنیۆم بەراورد بە تیتانیۆم و شووشە زیاتر شوختی لەسەر دەردەکەوێت.

سەرەڕای گلەیی بەکارهێنەران، چاودێران لە "وۆڵ ستریت" پێیان وایە کە ئەم گرفتە بەشێوەیەکی سنووردار کاریگەریی لەسەر فرۆشی بەرهەمەکانی ئەپڵ دەبێت.
جیل لۆریا، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای "دی ئەی داڤیدسۆن" کە تایبەتە بە خزمەتگوزاریی دارایی، دەڵێت: ئەگەر دەرکەوت کێشەکە بەربڵاوە، کۆمپانیای ئەپڵ توانای ئەوەی هەیە چەند گۆڕانکارییەک بکات، هەرچەندە تێچووی کورتخایەنی دەبێت، بەڵام لە درێژمەودا کاریگەرییان لەسەر کۆمپانیاکە نابێت.

newspaper

بابەتی پەیوەندیدار