لە گەڕەکی سابوونکەران لە سلێمانی، خانوویەکی کەلەپووری نۆژەندەکرێتەوە و دەکرێت بە مۆزەخانەیەکی هونەری.

ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی، لەگەڵ بەڕێوەبەری شوێنەواری سلێمانی و هونەرمەند و شێوەکار، مەدحەت کاکەیی ئەو خانووە کەلەپوورییەیان بەسەرکردەوە کە بڕیارە دوای نۆژەنکردنەوەی بکرێت بە مۆزەخانەیەکی هونەری.

قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند، ئەم خانووە گەورە کەلەپوورییە لە گەڕەکی سابوونکەران دوای تەواوبوونی نۆژەنکردنەوەی، دەیکەین بە مۆزەیەکی هونەری، سەرەڕای پاراستنی، دەبێت بە شوێنێک کە میوانان و هونەردۆستان و خەڵکی شارەکەمان سەردانی دەکەن.

راشیگەیاند، تەرخانکردنی ئەم خانووە کە موڵکی شوێنەواری سلێمانییە بۆ کارە هونەرییەکانی هونەرمەندی کورد، مەدحەت کاکەیی، سەرەڕای گرنگیدان بە هونەر و هونەرمەندان، پاراستنی کەلەپوور و رەسانایەتیی شارەکەمانە و خزمەت بە رەوتی رۆشنبیری و مێژوویی سلێمانی دەکات.

لەلایەن خۆشیەوە، مەدحەت کاکەیی رایگەیاند، ئەم خانووەم لە شوێنەواری سلێمانی وەرگرت، بۆ ئەوەی دوای نۆژەنکردنەوەی بیکەین بە مۆزەیەک و وەکوو ئەو مۆزانەی لە ئەورووپا و ژاپۆن هەمە و کارە هونەرییەکانمی تێدا نمایش دەکەم.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە خانووەکەدا فێرگەیەکیش دەکرێتەوە بۆ پێگەیاندنی ئەو کەسانەی ئارەزووی هونەری شێوەکاری دەکەن.

لە ئێستادا نۆژەنکردنەوەی خانووە کەلەپوورییەکە لە دواقۆناغیدایە و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا بەڕووی هەموواندا بکرێتەوە.