کەستانە یان شابەڕوو، ئەو میوە پایزییەی بە هێندەی سەرمای سەختی زستان سودی تەندروستی بۆ جەستە هەیە و هاوکاری جەستە دەکات لەگەڵ وەرزی سەرمادا خۆی بگونجێنێت.

سروشت پڕە لە میوەی جۆراو جۆر، هەر میوەیەکیش کاتی پێگەیشتنی خۆی هەیە، پزیشکان باس لەوەدەکەن، خواردنی هەر میوەیەک لە وەرزی خۆیدا سودی زیاتر بە جەستە دەگەیەنێت، بەوپێیەی سروشتی جەستەی مرۆڤ وایە، لە هەر وەرزێکدا پێویستی بە میوەی ئەو وەرزەیە بۆ پارێزگاریکردن لە تەندروست مانەوەی، بۆ نموونە، چەندین سەوزە و میوەی زستانە هەن وا لە جەستە دەکەن بە پڕ وزەیی و گەرمی خۆی بهێڵێتەوە، لە وەرزی هاوینیشدا چەندین میوە هەن جەستە بە شێداریی دەهێڵنەوە و لە وشكبوونەوە دەیپارێزن، بۆ قەرەبووکردنەوەی بەرزی پلەکانی گەرما.

کەستانەش یەکێکە لەو میوە پایزییانەی کە سودێکی زۆر بە جەستە دەگەیەنێت، وەرزی پێگەیشتنی کەستانە بەشێوەیەکی گشتی لەنێوان مانگی ١٠ تاوەکو کۆتاییەکانی مانگی ١٢ یە.

درەختی کەستانە لە کۆمەڵەی بەڕووە و بەگشتی لە کوردستان بە شابەڕوو'ش ناوی دەبەن.
بەشێوەیەکی گشتی درەختی کەستانە ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ ساڵ دەمێنێتەوە، هەندێک جۆریشی هەیە نزیکەی هەزار ساڵ یان زیاتر بەرگە دەگرێت.

جۆری castana dentataـی کەستانە، کە لە دارستانە گەڵاوەریوەکاندا دەڕوێت، تەختەی باشی لێبەرهەم دێت و بەرێکی زۆر باشیشی هەیە.

کەستانە دەوڵەمەندە بە کانزاکانی وەک سۆدیۆم، کالسیۆم، مس، مەگنیسیۆم، زینک، ئاسن و پۆتاسیۆم.

ئەو میوە پایزییە ڤیتامینەکانی B1 ,C, E, A تێدایە، هەروەها پڕۆتین، چەوری، نیشاستە و ئاوی تێدایە، کەستانە رێژەی کالۆری بەرز نییە، بەڵام بەهۆی بوونی پێکهاتەکانی دیکەی و بەرزی رێژەی چەورییەکەی، قورسە و بەشێوەیەکی گشتی لە شەوانی زستاندا وەک شەوچەرە دەخورێت، بەهۆی ئەوەی شەوانی زستان درێژە و وا لە جەستە دەکات زوو برسی نەبێتەوە.

سودەکانی کەستانە بۆ جەستە:

-پوک لە هەوکردن دەپارێزێت و هاوکارە لە کەمکردنەوەی هەوکردن ئەگەر هەیبێت.

-سەرچاوەیەکی باشی ریشاڵەکانە.

-هاوکارە لە جێگیر مانەوەی رێژەی کۆلیستڕۆڵ لە خوێندا.

-توێکڵەکەی بهاڕدرێت و لەسەر برین دابنرێت هاوکاری زوو چاکبوونەوەی دەکات.

-رێژەی زیاتر لە ٥٠٪ ئاوی تێدایە، کە سودی زۆری بۆ پێست هەیە.

-دەکرێت وەک بەشێک لە چارەسەر بۆ رۆماتیزمە دابنرێت.

-سودی گەورەی هەیە بۆ دابەزاندنی کێشی جەستە، بەهۆی ئەوەی ئارەزووی خواردن کەمدەکاتەوە دەتوانرێت بخرێتە سیستمی خۆراکی ئەو کەسانەی دەیانەوێت کێش داببەزێنن

-بۆ کەمخوێنی چارەسەرە

-بۆ ژنانی دووگیان سودی زۆرە، بەهۆی بوونی فۆلیک ئەسید تیایدا

-کاریگەریی بەرچاوی لەسەر کۆئەندامی دەمار هەیە و بە تەندروستی دەیهێڵێتەوە