لە ویلایەتی ئەریزۆنا لە ئەمریکا، خوێندنگەیەک هیچ مامۆستایەکی نییە و بە تەواوەتی پشت بە زیرەکی دەستکرد دەبەستێت، رۆژانە خوێندن لە خوێندنگەکەدا دوو سەعاتە، لەجێی مامۆستا وانەکان بە زیرەکی دەستکرد دەوترێنەوە.

دەستەی خوێندنگەکانی سەربەخۆی ویلایەتی ئەریزۆنا لەم دواییانەدا رێپێدانی بۆ خوێندنگەیەکی نوێی ئۆنلاین دەرکرد، کە جیاوازە لە خوێندنگەکانی پێش خۆی، خوێندنگە سەربەخۆکان ئەوانەن کە بەشێوەیەکی تایبەت بەڕێوەدەبرێن بەڵام پشتیوانی حکومەت وەردەگرن.

خوێندنگەکە ناوی ''ئەنباوند ئەکادیمیا''یە و بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەری تەکنەلۆژیای ''تێک کرانچ'' بەتەواوی پشت بە زیرەکی دەستکرد دەبەستێت بۆ فێرکردنی پرۆگرامی خوێندن و سیستمی وانە وتنەوە کە لە دوو سەعات پێکدێت لە رۆژێکدا.

لە ژێر ئەم سیستمی فێرکارییە کە بە زیرەکی دەستکرد کاردەکات و پێی دەوترێت فێربوونی دوو سەعاتی، خوێندکاران تەنها دوو سەعات بەسەردەبەن بە بەکارهێنانی نەرمەکاڵای فێربوونی کەسی کە لەلایەن کۆمپانیاکانی وەک IXL و Khan Academy پەرەیپێدراوە، لەگەڵ کارکردنی خوێندکاران لە وانەکانی وەک بیرکاری و خوێندنەوە و زانستەوە، زیرەکی دەستکرد وەڵامەکانیان و ئەو کاتەی بەسەری دەبەن بۆ ئەرکەکان و تەنانەت ئاماژە سۆزدارییەکان شی دەکاتەوە بۆ باشتر پێشکەشکردنی ناوەڕۆک و گۆڕینی ئاستی سەختییەکەی، بەپێی ئەپڵیکەیشنی فۆرمی تایبەت بە خوێندنگەکە.

بە پێی فۆرمی خوێندنگەکە ئەم جۆرە خوێندنە دڵنیایی دەدات کە هەر خوێندکارێک بەردەوام هەوڵی بەرەوپێشچوون بدات ئاڵنگاری جیاوازی دێتەپێش و ناهێڵێت خوێندکار هەست بە بێزاری بکات.