لە ئێستادا چین کار لەسەر دروستکردنی فڕۆکەیەک بۆ گواستنەوەی سەرنشینان دەکات، کە خێراییەکەی چوار هێندەی خێرایی دەنگە و لە توانایدایە بە کەمتر لە دوو سەعات لە پەکینەوە بگاتە نیویۆرک.

رۆژنامەی "South China Morning Post ـی چینی رایگەیاند، لە یەکەمین تاقیکردنەوەی بزوێنەری فڕۆکەکەدا دەرکەوتووە، کە هێزی ئەوەی هەیە فڕۆکەکە بە خێرایی ٤ هەزار و ٩٠٠ کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا بفڕێنێت، ئەمەش چوار هێندەی خێرایی دەنگە و دوو ئەوەندەش لە فڕۆکەی "کۆنکۆرد" خێراترە کە لە سەعاتێکدا ٢١٥٣ کیلۆمەتر دەبڕێت.

ئاماژە بەوەش کراوە، بەپێی راپۆرتەکانی کۆمپانیای "Space Transportation" کە بارەگای سەرەکی لە پەکینی پایتەختی چینە؛ فڕۆکەکە لە بەرزیی زیاتر لە ٢٠ کیلۆمەتر لە رووی زەوییەوە بەو خێراییە زۆرە دەفڕێت.

کۆمپانیاکە رایگەیاندووە، ئامانجی ئەوەیە لە ساڵی ٢٠٢٧ـدا فڕۆکەکەی بۆ یەکەم تاقیکردنەوەی فڕین ئامادە بکات و لە ساڵی ٢٠٣٠یشدا یەکەم گەشتی بازرگانی ئەنجامبدات.