رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ئەنجامی توێژینەوەکەی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، بەپێی ئەم دەرئەنجامە، کەسێک ئەگەر رۆژانە 10 جگەرە بکێشێت و لە یەکی کانوونی دووەمدا واز لەو خووەی بهێنێت، ئەوا لە هەشتی مانگدا رۆژێکی لەدەستچووی ژیانی بەدەستدەهێنێتەوە، هەروەها هەمان کەس دەتوانێت هەفتەیەک زیاتر بخاتە سەر تەمەنی ئەگەر تا پێنجی شوبات جگەرە نەکێشێت، ئەگەر بێتوو تا پێنجی ئاب-یش نەچێتەوە بەلای جگەرەکێشاندا، ئەوا مانگێکی تەواوی بۆ ژیانی گەڕاندووەتەوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، لە کۆتایی ساڵدا ئەو کەسەی جگەرەی تەرک کردووە، 50 رۆژی لەدەستچووی ژیانی گەڕاندووەتەوە.
جێی ئاماژەیە، لە توێژینەوەیەکی ساڵی 2000ـدا کە لە گۆڤارێکی پزیشکیی بەریتانیدا بڵاوکراوەتەوە؛ کێشانی یەک جگەرە نزیکەی 11 خولەک لە تەمەن کورتدەکاتەوە، بەڵام وەک لەم توێژینەوە نوێیەدا دەرکەوتووە؛ ژمارەکە دوو هێندەی ئەوەیە کە لە رابردوودا بیری لێکراوەتەوە.
سارە جاکسن، توێژەری باڵا لە گرووپی توێژینەوە لەبارەی کحول و جگەرە و تووتن لە زانکۆی کۆلێژی لەندەن بە گاردیانی راگەیاند، " خەڵک بە گشتی دەزانن جگەرە چەند زیانبەخشە، بەڵام گوێی پێ نادەن و مەیلیان لەوەیە چاوی خۆیان بەرانبەر بەو راستە دابخەن".
راشیگەیاند، " بەپێی ئەم توێژینەوەیە، کەسی جگەرەکێش ئەگەر بە درێژایی ژیانی لە جگەرەکێشان بەردەوام بێت، ئەوا 10 ساڵی ژیان و چەندین ساتی گرنگ و بەنرخی لەدەستداوە، کە دەتوانێت لەگەڵ خۆشەویستانیدا بەشی بکات".