دوای بڵاوکردنەوەی وەرزی دووهەمی زنجیرەی "سکوید گەیم"، راستەوخۆ تۆڕی نێتفلێکس دوای کەمتر لە هەفتەیەک ئاشکرای کرد، کە لەمساڵدا وەرزی سێهەم بڵاودەکرێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی هوانگ دۆنگ – هیوک، دەرهێنەری بەناوبانگی کۆریای باشوور پێشتر ئاماژەی بەوە کردبوو، کە لەیەک کاتدا کاری لەسەر وەرزی دووهەم و سێهەمی زنجیرەکە کردووە.
گۆڤاری ئۆسین-ی کۆری لە هەواڵێکیدا کە دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، ئاماژەی بەوە کردووە، ئەکتەری هۆڵیوود، لیۆناردۆ دیکاپریۆ لە وەرزی سێهەمی زنجیرەکەدا بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر دەردەکەوێت.
ئەوەشی ئاشکرا کردووە، لە ئێستدا وێنەگرتنی زنجیرەکە تەواو بووە و لە هاوینی ئەمساڵدا بڵاودەکرێتەوە.
جێی ئاماژەیە لە ساڵی 2022 لە میانی کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا لە رێوڕەسمی بردنەوەی خەڵاتی "ئێمی"، هوانگ دۆنگ – هیوک-ی دەرهێنەر رایگەیاندبوو، " لیۆناردۆ دیکاپریۆ وتوویەتی، کە ئەو هەوادارێکی زنجیرەی سکوید گەیمە، ئێمە تەنانەت لەناو خۆشماندا بە گاڵتەوە وتمان، 'ئایا پێویستە دەکات ئۆفەرێکی بخەینە بەردەست؟' ".
دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، تۆڕی نێتفلیکس بە پێگەی "سۆمپی"ـی کۆری راگەیاندووە، ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە و بەشداریکردنی لیۆناردۆ دیکاپریۆ لە وەرزی سێهەمی زنجیرەکەدا بێ بنەمان.
بەپێی راپۆرتێکی گۆڤاری فۆربس، وەرزی دووهەمی زنجیرەی "سکوید گەیم"، تەنیا لە ماوەی سێ رۆژی پەخشکردنیدا لە 93 وڵاتدا کە تۆڕی نێتفلێکس تێیاندا بەردەستە، لە رووی زۆریی بینەرەوە لە پلەی یەکەمدایە.
جێی ئاماژەیە، وەرزی دووهەمی زنجیرە کۆرییەکە دوای بڵاوبوونەوەی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە، بەجۆرێک رەخنەگرانی بواری سینەما بە نمرەی 86% و بینەرانیش بە 64% هەڵیانسەنگاندووە، ئەمەش لەکاتێکدایە، پێشتر وەرزی یەکەمی زنجیرەکە نمرەی لە 95%ـی رەخنەگران و لە 84%ـی بینەرانی بەدەستهێنابوو.