ڕۆژی جیهانیی شانۆ؛ ویڵەم دافۆ هۆشداری دەدات لە سڕینەوەی پەیوەندییە مرۆییەکان

کوردساتکوردسات
02:30:00 2026/03/2602:30:00 2026/03/26

سبەینێ (27ی ئازار)، جیهان یادی "ڕۆژی جیهانیی شانۆ" دەکاتەوە. ئەم ڕۆژە، کە لە ساڵی 1961ـەوە لەلایەن پەیمانگای نێودەوڵەتیی شانۆوە دیاری کراوە، دەرفەتێکە بۆ بەرزڕاگرتنی هونەری شانۆ وەک ئامرازێک بۆ لێکتێگەیشتن و ئاشتیی نێوان گەلان. نەریتێکی ساڵانەی ئەم ڕۆژە ئەوەیە کە کەسایەتییەکی دیاری هونەریی جیهانی پەیامێک دەنووسێت و بۆ هەموو زمانەکان وەردەگێڕدرێت. بۆ ئەمساڵ (2026)، ئەکتەری بەناوبانگی ئەمریکی (ویڵەم دافۆ - Willem Dafoe) پەیامەکەی نووسیوە و تێیدا تیشک دەخاتە سەر مەترسییەکانی تەکنەلۆژیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر دابڕانی مرۆڤەکان، و جەخت لەوە دەکاتەوە کە شانۆ تاکە هیوایە بۆ دووبارە کۆکردنەوەمان.

لێرەدا دەقی تەواوی پەیامەکەی (ویڵەم دافۆ) دەخەینە ڕوو، کە لەلایەن (ڕزگار حەمە ڕەشید)ەوە لە ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردی:

پەیامی ڕۆژی جیهانیی شانۆ بۆ ساڵی 2026 لەلایەن ویڵەم دافۆ - ئەکتەر و شانۆکار
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ڕزگار حەمە ڕەشید

من ئەکتەرم، بە شێوەیەکی سەرەکی وەک ئەکتەری فیلم ناسراوم، بەڵام ڕەگ و ڕیشەم بە قووڵی دەگەڕێتەوە ناو شانۆ. لە ساڵانی 1977-2003 لە نیویۆرک ئەندامی گرووپی شانۆی ووستەر بووم، کاری ئۆریجیناڵم لە پێرفۆرمین گەراج "Performing Garage" دروستدەکرد و پێشکەشم دەکردن و بە جیهاندا دەمگەڕاندن. جگە لەوە لەگەڵ ڕیچارد فۆرمان و ڕۆبەرت ویلسۆن و ڕۆمیۆ کاستێلوچی دا کارم کردووە. ئێستاش وەک بەڕێوەبەری هونەری لە بیەناڵی شانۆی ڤێنیس The Venice Theatre Biennale کار دەکەم. ئەم پێگەیەی ئێستام و ئەم ڕووداوانەی ئێستای جیهان و خواستی گەڕانەوەی خۆم بۆ کاری شانۆ، بەتەواوی بڕوای منیان سەبارەت بە گرنگیی شانۆ و توانا ناوازە ئەرێنییەکەی پێکهێناوە.

لەو سەرەتا خاکەڕاییەی دەستبەکاربوونمەوە لە گرووپی ووستەر، ئەو کۆمپانیا شانۆییەی بنکەکەی لە نیویۆرک بوو، هەندێجار بینەری زۆر کەم دەهاتنە نمایشەکانمانەوە. هەرچەند ڕێساکە بەو جۆرە بوو، ئەگەر ژمارەی بینەرەکان لە ژمارەی ئەکتەرەکان کەمتر بێت، دەتوانین نمایشەکەمان پێشکەش نەکەین. بەڵام هەرگیز وامان نەکرد. زۆرێک لە ئەندامانی کۆمپانیاکە پێشینەی شانۆیان نەبوو، بەڵکو کەسانێک بوون لە پێگەی جیاوازەوە هاتبوون و لەپێناوی پێشکەشکردنی شانۆدا لەوێ کۆببوونەوە. بۆیە ئەو دروشمە ئێمەی نەدەگرتەوە کە دەڵێت " نمایشەکە هەر دەبێت بەردەوام بێت"، لەگەڵ ئەوەشدا هەستمان دەکرد ناتوانین دەستبەرداری بینەران بین.

زۆرجار بە ڕۆژ پرۆڤەمان دەکرد و بۆ ئێوارە ئەوەی دروستمان کردبوو، وەک کارێک " هێشتا لە دروست کردندایە" پێشکەشمان دەکرد. هەندێجار چەند ساڵێکمان لە دروستکردنی نمایشێکدا بەسەر دەبرد و بە داهاتی شارانگەڕیی نمایشە کۆنەکانمان دەمانتوانی بەردەوام بین.

بۆ من، ساڵانێک کارکردن لە هەمان نمایش دا زۆرجار دەبووە مایەی بێزاریم، پرۆڤەکانیشم سەخت دەهاتە بەرچاو، بەڵام نمایشکردنی ئەو کارانەی "هێشتا لە دروسکردندان" هەمیشە هەست بزوێن بوون بۆم. تەنانەت ئەگەر هۆکاری ئەوەی بینەرمان کەم بوو، داوەرییەکی توند بووبێت سەبارەت بەو کارەی ئێمە دەمانکرد؛ لە ئاستی دڵخوازیی ئەواندا نەبوو بێت. ئەمە وایکرد لەوە تێبگەم، بینەران چەند کەمیش بن، ئەوە ئەوانن ژیان و مانا بە شانۆکەمان دەبەخشن.

وەک ئەو نووسینەی لە هۆڵی قوماردا هەڵواسراوە: “بۆ ئەوەی براوە بیت، پێویستە لە ئێستادا بیت”. ئەزموونێکی هاوبەش بۆ کارێکی داهێنان کە ڕاستەوخۆ پێشکەش دەکرێت، ڕەنگە تۆکمە و داڕێژراویش بێت، بەڵام هەموو جارێ جیاوازە. بە دڵنیایی ئەوە یەکێکە لە بەرچاوترین خاڵە بەهێزەکانی شانۆ.

لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە، بۆ تێگەیشتنمان لە خۆمان و جیهان، هەرگیز شانۆ هێندەی ئێستا گرنگ و پێویست نەبووە.

ئەو کێشە ڕاستەقینەیەی هەموومان دەیبینین و چاوپۆشی لێ دەکەین، بریتییە لە تەکنەلۆژیای نوێ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. ئەوانەی بڕیار بوو پەیوەندی دروست بکەن، کەچی بە ئاشکرا پەیوەندییەکانیان لەبەریەک هەڵوەشاندۆتەوە و مرۆڤەکانیان لە یەکتر دابڕاندووە.

من ئەگەر سۆشیال میدیاشم نەبێت ڕۆژانە کۆمپیوتەرەکەم هەر بەکاردەهێنم، تەنانەت لەگووگڵدا، وەک ئەکتەرێک بەدوای ناوی خۆمدا گەڕاوم، هەروەها ڕاوێژم بە AI کردووە بۆ زانیاری. بەڵام کەسێک دەبێت نابینا بێت ئەوە نەبینێت کە پەیوەندی مرۆڤەکان بەیەکەوە لەژێر مەترسی ئەوەدایە کە پەیوەندی مرۆڤ بە ئامێرەکانەوە جێگەی بگرێتەوە.
هەرچەند دەشێت هەندێ تەکنەلۆژیا خزمەتێکی باشمان بکەن، بەڵام ئەوەی نەزانیت کێ لەوسەری بازنەی پەیوەندیەکەتدایە، کێشەکە قووڵتر دەکاتەوە و بەشدار دەبێت لەو قەیرانەی ڕاستی و واقیع دا.

لە کاتێکدا ئینتەرنێت دەتوانێت پرسیار دروست بکات، بەڵام زۆر بە دەگمەن دەگاتە ئەو هەستی سەرسوڕمانەی شانۆ دروستی دەکات. سەرسوڕمانێک پشتی بە سەرنج و بەشداری پێکردن و کۆمەڵگەیەکی خۆبەخۆی ئەو کەسانە بەستووە، لە بازنەی کردار و وەڵامدانەوەکەدا ئامادەن.

وەک ئەکتەرێک و شانۆکارێک هەمیشە باوەڕم بە هێزی شانۆ هەبووە و هەیە. لە جیهانێکدا کە پێدەچێت بەرەو دابەشبوونی زیاتر و کۆنترۆڵگەری و توندوتیژی زیاتر بڕوات، ئاڵنگاری ئێمە وەک شانۆکاران ئەوەیە خۆمان لە گەندەڵیی شانۆ بەدوور بگرین. تەنها بەوە نا نەهێڵین ببێتە پرۆژەیەکی بازرگانی کە بۆ کات بەسەربردن و سەرقاڵکردن تەرخان کرابێت، یان بەوەی نەهێڵین ببێتە پارێزەرێکی دامەزراوەیی وشک بۆ نەریتەکان، بەڵکو بەوەی ئەو هێزەی شانۆ پتەوتر بکەین بۆ بەیەک گەیاندنی خەڵک، بۆ بەیەک گەیاندنی نێوەندەکان و کەلتوورەکان و لە سەرووی هەمووشیانەوە بۆ پرسیار کردن لەوەی کە ئاخۆ ئێمە بەرەو کوێ دەڕۆین...

شانۆیەکی مەزن ئەوەیە بمانخاتە پرسیارەوە لەوەی چۆن بیر دەکەینەوە، هانمان بدات مەزەنەی ئەوە بکەین بزانین ئاواتمان چییە...

ئێمە ئاژەڵێکی کۆمەڵایەتین، لە ڕووی بایۆلۆژیشەوە وا دروست بووین پەیوەندی لەگەڵ جیهان دا ببەستین. هەموو هەستەوەرێک دەروازەیەکە بۆ بەریەککەوتن، لە ڕێی ئەم بەیەکگەیشتنەوەیە دەتوانین تێگەیشتنێکی باشترمان هەبێت سەبارەت بەوەی ئێمە کێین. لە ڕێی چیرۆک گێڕانەوە، ئیستاتیکا، زمان، جووڵە، سینۆگرافیا - شانۆ وەک فۆرمێکی هونەریی تەواو دەتوانێت وامان لێبکات بزانین ئەم جیهانەی ئێمە چی بووە، ئێستا چییە و دەکرێت چی بێت.
newspaper

بابەتی پەیوەندیدار