لە مەراسیمی بەخشینی خەڵاتەکانی "گۆڵدن گڵۆب"، هوانگ دۆنگ – هیوک، نووسەر و دەرهێنەری زنجیرەی "سکوید گەیم"، لەگەڵ ئەستێرەی زنجیرەکە، لیی جونگ-جای، بەسەر فەرشی سووردا رۆیشتن، هەرچەندە زنجیرەکەیان پاڵێورابوو بۆ بردنەوەی خەڵات، بەڵام لە مەراسیمەکەدا هیچ خەڵاتێکیان نەبردەوە.
دەرهێنەرە کۆرییەکە لەسەر فەرشی سووری گۆڵدن گڵۆب بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، لە ئێستادا کار لەسەر وەرزی نوێی زنجیرەکە دەکات، هەروەها لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی وادەی بڵاوکردنەوەی وەرزی سێهەم لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا، دۆنگ – هیوک وتی، "پێم وانییە لە مانگی ئایار بێت، زوو کاری لەسەر دەکەم، زۆر لەوە زووتر کە چاوەڕێی دەکەن".
هەر سەبارەت بە وەرزە نوێیەکە، دۆنگ – هیوک رایگەیاند، " وەرزێکی شێتانە دەبێت، باشترین کۆتایی وەرزی هەیە".
لەلایەن خۆشیەوە، لیی یۆنگ – جای، پاڵەوانی زنجیرەکە رایگەیاند، " لە وەرزی سێهەمدا پێچوپەنا و ئاڵۆزیی زیاتر تێدایە، ململانێی زیاتریش دەکەوێتە نێوان کارەکتەرەکانەوە، شتێکی جیاوازتر، ئاڵۆزتر دەبێت، پشێویی زیاتر تێدایە، بەجۆرێک کە خۆشت نازانیت بەرەو کوێت دەبەین..!".
هەفتەی رابردوو هەوادارانی زنجیرەکە تێبینی ئەوەیان کرد، کە تۆڕی نێتفلێکس لە کۆریا بە هەڵە وادەی بڵاوکردنەوەی وەرزی سێهەمی زنجیرەکەی لە تیزەرێکی نوێدا ئاشکراکرد، کە ئەو رێکەوتەی بە زمانی کۆری بڵاوکرابووەوە، 27ـی حوزەیرانی ئەمساڵ بوو.
زنجیرەی "سکوید گەیم"، بەناوبانگترین زنجیرەی کۆریای باشوورە و یەکێکە لە پڕبینەرترین زنجیرەکانی تۆڕی نێتفلێکس کە بە زمانی ئینگلیزی نەبێت، بەپێی داتاکان، تەنیا لە چوار رۆژی یەکەمی بڵاوکردنەوەی وەرزی دووهەمدا، نزیکەی 70 ملیۆن بینەری هەبووە.
دەرهێنەری زنجیرەی "سکوید گەیم" مژدەیەک بە بینەران دەدات
کوردسات
21:00:00 2025/01/06
نووسەر و دەرهێنەری زنجیرەی کۆریی بەناوبانگ، "سکوید گەیم" لە نوێترین لێدوانیدا مژدەی بە بینەران و هەواداران دا، کە وەرزی نوێی زنجیرەکە لەمساڵدا زووتر لەوەی چاوەڕێی دەکەن، بڵاودەکرێتەوە.