بەپێی راپۆرتی میدیاکانی ئەمریکا، ئەو خانووە بەهۆی زنجیرەی تەلەفزیۆنیی "بریکینگ باد" ناوبانگێکی زۆری پەیداکردووە و وەک شوێنێکی گەشتیاری چاوی لێدەکرێت، ئەمەش وای کردووە ئەو خێزانەی لەو ماڵەدان، لەدەست زۆریی گەشتیار و سەردانکەر بێزارببن و بڕیاری ئەوە بدەن خانووەکەیان بفرۆشن و بگوازنەوە بۆ ناوچەیەکی تر.
جۆوان کوینتانا، یەکێک لە ئەندامانی ئەو خێزانە بە کەناڵی "کۆب- تی ڤی" راگەیاندووە، هەواداران زۆربەی کات سەردانی ماڵەکەیان کردووە و هەندێک جاریش روویداوە سەدان ئۆتۆمبێل بە بەردەم ماڵەکەیاندا تێپەڕن.
ئاماژەی بەوەش کردووە، دایکوباوکی لە ساڵانی حەفاتاکانی سەدەی رابردوودا ئەو خانووەیان کڕیوە و خۆی و خوشک و براکانیشی هەر لەو خانووەدا گەورەبوون، بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی ئەو زنجیرە تەلەفزیۆنییە هەموو شتێک گۆڕا، بەهۆی زۆریی هەوادارانی زنجیرەکەوە، خێزانەکە دەوری ماڵەکەیان بە پەرژینێکی کانزایی گرت و کامێرای چاودێریشیان دانا، ئێستاش دوای کۆچیدوایی دایکوباوکی، کاتی ئەوە هاتووە خانووەکە بفرۆشن.
راشیگەیاند، " لە ساڵی 1973-وە ماڵی ئێمەیە، ئێستاش دوای تێپەڕبوونی 52 ساڵ ئیتر دەبێت هەموو یادەوەرییەکانمان جێبهێڵین".
خانووەکە دەکەوێتە شاری ئەلبوکێرکی لە ویلایەتی نیو مەکسیکۆ، بەپێی پێگەی زیلۆو-ی ئەمریکی بۆ کڕین و فرۆشتنی خانوبەرە، لەو گەڕەکەدا نرخی خانوویەکی لەو شێوەیە 340 هەزار دۆلارە، بەڵام بەپێی پێگەی "تی-ئێم-زی" بەهۆی ناوبانگی خانووەکەوە، نرخەکەی دەگاتە 4 ملیۆن دۆلار.
زنجیرەی "بریکینگ باد"، زنجیرەیەکی تەلەفزیۆنیی ئەمریکییە، کە باس لە ژیان و سەرکێشییەکانی مامۆستایەکی کیمیا دەکات بە ناوی "واڵتەر وایت"، کە دوای تووشبوونی بە شێرپەنجە دەیەوێت لەڕێی دروستکردن و فرۆشتنی ماددەی هۆشبەرەوە، داهاتێک بۆ خێزانەکەی جێبهێڵێت.
بەپێی بۆچوونی چەندین رەخنەگری بواری سینەما، زنجیرەکە باشترینی سێ دەیەی رابردووە و لە پێگەی هەڵسەنگاندنی فیلم و زنجیرەکاندا بە 9.5/10 هەڵسەنگێنراوە.
ماڵەکەی واڵتەر وایت-ی زنجیرەی "بریکینگ باد" دەفرۆشرێت
کوردسات
21:00:00 2025/01/04
یەکێک لە خانووە ناسراوەکانی زنجیرەی بەناوبانگی ئەمریکی، "بریکینگ باد"، بەرانبەر 4 ملیۆن دۆلار بۆ فرۆشتن دادەنرێت.