بە ئامانجی ئاڵوگۆڕی ئەزموونی هونەری و پتەوکردنی لێکتێگەیشتنی هاوبەش و بەهێزکردنی پەیوەندییە فەرهەنگی و کولتوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات، وەزارەتی رۆشنبیریی سعوودیە و وەزارەتی رۆشنبیریی عیراق لە شاری ریاز فێستیڤاڵێک لەژێر درووشمی "لەنێوان دوو کولتووردا" رێکدەخەن و تا ٣١ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ کار و چالاکییەکانی بەردەوام دەبێت و هونەرمەندانی کورد: سیروان بارام، هیوا کەی، ئاکام شێخ هادی، شێرکۆ عەباس، شۆڕش ساڵح و وەلید ستی بە کارە هونەرییەکانیان بەشدارییان تێدا کردووە.
لە فێستیڤاڵەکەدا کۆمەڵێک چالاکی بەڕێوەدەچن، وەک: پیشانگەی هونەری، میوزیک و گۆرانی، لەگەڵ چەندین سیمیناری کولتووری کە میراتی مێژوویی هاوبەشی عیراق و سعوودیە دەخەنەڕوو.
لەلایەن خۆشیەوە، سەفیا تالیب ئەلسوهەیل، باڵیۆزی عیراق لە سعوودیە لە لێدوانێکیدا جەختی لەسەر گرنگیی ئەم دەستپێشخەرییە کردەوە لە بەهێزکردنی پەیوەندییە کولتورییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ئاماژەی بەوە کرد، ئەم فێستیڤاڵە سەکۆیەکی گرنگە بۆ نیشاندانی شوناس و میراتی هاوبەشی عیراق و سعوودیە.