ئیسرائیل دەیەوێت روفاتی بەناوبانگترین سیخوڕی لە سوریا بگەڕێنێتەوە

کوردساتکوردسات
21:00:00 2024/12/1421:00:00 2024/12/14

دوای روخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، ئیسرائیل هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ گەڕاندنەوەی روفاتی ئیلی کۆهین، یەکێک لە بەناوبانگترین سیخوڕەکانی سەدەی ٢٠ لە سوریا، کە لە ساڵی ١٩٦٥ لە دیمەشق لەسێدارەدرا.

رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی ئیسرائیلی، پشتبەست بە راپۆرتێکی میدیایی لوبنان بڵاویکردەوە، دوای کۆتایی دەسەڵاتەکەی ئەسەد، ئیسرائیل دەستی بە دانوستان لەگەڵ چەند وڵاتێکی جیاواز و چەند کەسێکی سووری کردووە بۆ دۆزینەوەی شوێنی شاردنەوەی کۆهین.

ئاماژە بەوە کراوە، دیمەشق چەندین جار رەتیکردووەتەوە روفاتی کۆهین بگەڕێنێتەوە و زیاتر لە جارێکیش شوێنی ناشتنی گواستووەتەوە تاکوو ئیسرائیل دەستی پێ رانەگات.

ئیلیاهو بن شائول کۆهین، لە ساڵی ١٩٢٤ لە ئەسکەندەریە لە میسڕ لە خێزانێکی جوولەکە لەدایکبووە، کە لە شاری حەلەبی سوریاوە کۆچیان کردووە.

خانەوادەی کۆهین لە ساڵی ١٩٤٩ بەرەو ئیسرائیل کۆچ دەکەن، بەڵام خۆی بۆ تەواوکردنی خوێندنەکەی لە میسڕ دەمێنێتەوە و دوای قووڵبوونەوەی "کێشەی سوێز"، لە ساڵی ١٩٥٦ ئەویش بەرەو لای خانەوادەکەی دەچێت و لەلایەن بەرگریی ئیسرائیلەوە لە بەشی هەواڵگری و زانیاری وەک شیکەرەوە و وەرگێڕ دەستبەکار دەبێت، دواتر دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) ئەرکێکی نوێی پێ دەسپێرێت و لە ساڵی ١٩٦١ وەک بازرگانێکی سووری بەناوی " کامل ئەمین سابت" بەرەو بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرژەنتین دەچێت و خۆی لە پلەدارەکانی سوپای سوریا نزیک دەکاتەوە و پاشان لەو رێگایەوە دزە دەکاتە نێو شوێنە هەستیارەکانی حکومەت و سوپای سوریاوە.

کۆهین وەک سیخوڕی ژمارە ٨٨، لەماوەی کارکردنیدا توانی چەندین زانیاریی گرنگ و هەستیار دەستبخات و رەوانەی ئیسرائیلیان بکات، بەپێی زانیارییەکانی نێو فیلمێکی دۆکیومینتاریی کەناڵی "RT"، ئیلی کۆهین بەجۆرێک بووەتە جێی متمانە، کە ئەمین ئەل-حافز سەرۆکی ئەوسای سوریا کە لە ساڵی ١٩٦٣ بۆ ١٩٦٦ لە دەسەڵاتدا بوو، ویستوویەتی بیکات بە جێگری وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی.

سیخوڕە ئیسرائیلییەکە لە ساڵی ١٩٦٥ دوای ئاشکرابوونی، بە تۆمەتی سیخوڕی دادگایی دەکرێت و لە دیمەشق لەسێدارە دەدرێت.

ئەو زانیارییانەی کۆهین بەدەستی هێنابوون، کاریگەرییەکی زۆریان هەبوو و سوپای ئیسرائیل سوودی لێ بینین لە کۆنتڕۆڵکردنی بەرزاییەکانی جۆلان لە ساڵی ١٩٦٧.

چیرۆکی کۆهین، سیخوڕی ژمارە ٨٨، بەناوی "سیخوڕەکە" کراوە بە زنجیرەیەکی شەش ئەڵقەیی و لە ساڵی ٢٠١٩ تۆڕی نێتفلیکس بڵاویکردەوە. 

newspaper

بابەتی پەیوەندیدار