توێژینەوەیەک: دوکەڵی بخورد و مۆمی بۆندار لە جگەرە مەترسیدارترە

کوردساتکوردسات
21:00:00 2024/12/0521:00:00 2024/12/05

توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای دەکات، مۆمی بۆندار و بخورد چەندین گازی ژەهراوییان تێدایە، کە لە جگەرەکێشان زیاتر زیان بە تەندروستیی مرۆڤ دەگەیەنن.

بەپێی توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆکانی کۆرک و ماریی کۆگینس لە ئیرلەندا، مۆمی بۆندار لەکاتی سووتاندنیدا چەندین گازی ژەهراوی بڵاودەکاتەوە، وەک: یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن، دووەم ئۆکسیدی گۆگرد، ئۆکسیدی نایترۆجین و چەندین گازی ژەهراوی تر، کە مەترسیی لەسەر کۆئەندامی هەناسەی مرۆڤ دروست دەکەن.

لە توێژینەوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە؛ ئەم گازە ژەهراویانە لەماوەی درێژخایەندا دەبنە هۆی زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجەی سییەکان و هەوکردنی بۆریی هەناسە.

هەروەها توێژینەوەکە ئاشکرای کردووە، سوتاندنی مۆمی بۆندار ئاستی تەنۆلکە وردەکانی هەوا ١٥ هێندە لەو رێژەیە بەرزتر دەکاتەوە کە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ کوالێتیی هەوایەکی پاک دەستنیشانی کردووە، لە بەرامبەریشدا بەپێی ئەنجامی توێژینەوەکە، بخورد لە مۆمی بۆندار مەترسیدارترە، چونکە چوار هێندەی جگەرە تەنۆلکەی ورد بڵاودەکاتەوە.

توێژەران رایانگەیاندووە، هەڵمژینی بەردەوامی دوکەڵی مۆمی بۆندار و بخورد دەشێت ببنە هۆی کەمکردنەوەی توانای ئەقڵی، بەتایبەت لە ژووری بچووکدا، بۆیە وا باشترە لە شوێنی فراواندا مۆم و بخور دابگیرسێنرێن و لەگەڵیشیدا پەنجەرە بکرێتەوە.

newspaper

بابەتی پەیوەندیدار