زنجیرەی "پەنگوینەکە" پێشوازییەکی گەورەی لێکرا

کوردساتکوردسات
21:00:00 2024/11/1121:00:00 2024/11/11

وەرزی یەکەمی زنجیرەی "پەنگوینەکە" پەخشکرا و لەلایەن رەخنەگران و بینەرانەوە پێشوازییەکی گەورەی لێکرا و پێگەکانی "IMDb" و "رۆتین تۆمەیتۆس" بە ٨.٨ و ٩٥٪ نمرە هەڵسەنگاندنیان بۆ کردووە.

زنجیرەی پەنگوینەکە، کە رووداوەکانی باس لە دوای فیلمی "The Batman" دەکەن، لەم دواییانەدا ئەڵقەی هەشت و کۆتایی وەرزی یەکەمی پەخشکرا و لە ماڵپەڕە هەواڵییەکانی تایبەت بە سینەما و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ستایشکرا و بە گرنگییەوە باسی لێوە کرا.

دەرهێنەری فیلمی "The Batman" مات ریڤز، کە لە ماوەی کارکردنیدا، جێدەستی لە کارەکانی لۆرن لی-فرانکی پرۆدیوسەری زنجیرەی "پەنگوینەکە"دا هەبووە، لە لێدوانێکدا بۆ پێگەی "هۆڵیوود ریپۆرتەر"، ئەگەری بەرهەمهێنانی وەرزی دووەمی زنجیرەکەی رەتنەکردووەتەوە و رایگەیاندووە، هەموو ئەگەرێک کراوەیە، بەڵام لە کۆتاییدا ئێمە وا هەست دەکەین لە جیهاندا چەندین چیرۆکی تر هەبن بۆ گێڕانەوە.

مات ریڤز لە ئێستادا سەرقاڵی کارکردنە لەسەر بەشی دووەمی فیلمی"The Batman" کە چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی ساڵی 2026 لە سینەماکان نیشان بدرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، پێشتر کۆڵین فارێل، ئەکتەری سەرەکیی زنجیرەی پەنگوینەکە، کە کارەکتەری "ئۆز کۆب" بەرجەستە دەکات، لەبارەی ئەگەری دەرچوونی بەشی دووەمی زنجیرەکە پرسیاری لێ کرابوو و ئەویش بە پێگەی"تۆتاڵ فیلم"ـی راگەیاندبوو، کە هیچ ئارەزووی لەوە نییە جارێکی تر ئەو رۆڵە ببینێتەوە.

newspaper

بابەتی پەیوەندیدار