بەکارهێنەرانی سیستمی ویندۆوز زۆرترین جار رووبەڕووی هێرشی ئەلیکترۆنی بوونەتەوە و دەوترێت، بەکارهێنەرانی ئەپڵ لەڕووی ئاسایشی ئەلییکترۆنییەوە پارێزراون، بەڵام کۆمپانیای " Check Point" کە تایبەتە بە دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئەلیکترۆنی بۆ کۆمپانیا و حکومەتەکان، لە نوێترین راپۆرتیدا رایگەیاندووە، جۆرە پەرەسەندووەکەی ڤایرۆسی "Banshee Stealer" دەتوانێت خۆی لە هەموو بەرنامەیەکی پاراستنی ئەلیکترۆنی بدزێتەوە و بەبێ هیچ کێشەیەک دزە بکاتە نێو کارەکانی سیستمەکەوە، دواتر هاککەرەکان بەشێوەیەکی ئاسان دەتوانن دەستیان بە داتا و سەرجەم زانیارییەکان بگات.
ئاماژە بەوە کراوە، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم ڤایرۆسە ئەوەیە، هاککەرەکان بە سوودوەرگرتن لە لایەنی کۆمەڵایەتی، کەسەکان قایل دەکەن خۆیان ئەو بەرنامە زیانبەخشە بخەنە نێو ئامێرەکانیانەوە.
سەبارەت بە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بەرانبەر ئەم هەڕەشە نوێیە، کۆمپانیا سیکیوریتییەکە رێنمایی بەکارهێنەرانی سیستمی کارپێکردنی "macOS" دەکات وشەی نهێنیی بەهێز بەکاربهێنن، هەروەها لە دەزگا و کۆمپانیاکاندا کارمەندان لە مەترسییەکانی "فیشینگ" و بەرنامە زیانبەخشەکان ئاگادار بکرێنەوە.
ئاماژەی بەوەش کراوە، کە هەر چەند سیستمی کارپێکردن بەهێز بن، هێرشبەران رێگای جۆراوجۆر بەکار دەهێنن بۆ قایلکردنی کەسەکان تاکوو ئەو بەرنامە زیانبەخشانە لە ئامێرەکانیاندا دابەزێنن.